ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە
ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە سنووری ناحیەی تانجەرۆی پارێزگای سلێمانی کەوتەوە و بووە هۆی تەقینەوەی خەزانەکان، زیانگەیشتن بە ماڵەکانی دەوروبەری و برینداربوونی چەند کەسێک؛ لە کاتێکدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتنی سلێمانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەرگریی شارستانیی هەولێریش ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ بەهاناوەچوون و ناردنی تیمەکانی دەربڕی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، لە ناحیەی تانجەرۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنیدا کەوتووەتەوە. بەهۆی گڕگرتنی سووتەمەنییەکەوە چەندین تەقینەوە لە خەزانەکانی کۆگاکەدا ڕوویانداوە و بەهۆی بەهێزیی گڕی ئاگرەکە و بڵێسەکەی، لە سەنتەری شاری سلێمانی، چەمچەماڵ و پێنجوێنیشەوە دووکەڵ و ڕووناکیی ئاگرەکە بینراوە.
ئاگرەکە مەترسیی لەسەر بەنزینخانەکانی دەوروبەری دروستکردووە و زیانی ماددی بە چەند ماڵێکی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکەش گەیاندووە؛ بەرگری شارستانی سلێمانی بە کوردستان24 ڕاگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین نزیکی ناوچەی تانجەرۆ نەبنەوە چونکە ئەگەری تەقینەوەی تەنکەری دیکە هەیە
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، بەهۆی گەورەیی و مەترسیی ئاگرەکەوە، ژمارەیەکی زیاتر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و ئێستا بە چڕی سەرقاڵی گەمارۆدان و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ڕووداوەکەوە چەند کەسێک بریندار بوون، بەڵام خۆشبەختانە برینەکانیان سووکە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
لەلایەکی دیکەوە، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122) بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن و ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی بەهاناوەچوون و پێشکەشکردنی چارەسەری سەرەتایی بۆ کارمەندانی کۆگاکە و سەرجەم ئەو کارمەندانەی لە ناوچەکەدا کار دەکەن.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئامادەیی تەواوی تیمەکانیانی ڕاگەیاند و گوتی:
لە هەر کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی داوای بەهاناوەچوونی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانیمان لێبکات، ئێمە لە تەواوی ئامادەباشیداین بۆ هاوکاریکردن؛ تیمەکانمان بەردەوام لە ئامادەباشیدان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پێداویستیی پێشکەوتووی کوژاندنەوەی ئاگری سووتەمەنی، هاوکات تیمەکانی ڕزگارکردنیشمان بە سەرجەم ئامێر و پێداویستییەکانەوە ئامادەن بۆ هەر هاوکارییەک.
زانیاری لەبارەی ئەو کۆگایەی لە تانجەرۆ ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە؛ کۆگایەکی گەورەی بەنزین و گازە، کە 34 تانکی گەورەی بەنزین و گازی تێدایە و بەنزینی بەشێکی زۆری سلێمانی دابین دەکات؛ لەو 34 تانکییە 30 تەنکییان بەنزینی تێیدایە، بەهەموو تانکییەکان نزیکەی سێ ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەنزین و گازی خەزنکراویان تێدا بووە.
رووداوەکە بەپێی قسەی چەند شایەت حاڵێک بۆ کوردستان 24 بەهۆی سەتڵێک بەنزینەوە بووە بەدەست کەسێک، کەخۆشی بەشێکی جەستەی بە سووکی سووتاوە و بەهۆیەوە ئەو ئاگرە گەورەیەی لێکەوتووەتەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە.