پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆی هەولێر جێبەجێ دەکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی مێژوویی و ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی ئاوەڕۆی هەولێر دەستپێکردووە؛ پڕۆژەکە نەک تەنیا ژێرخانی پایتەخت بەهێز دەکات، بەڵکو رۆژانە سەدان هەزار مەترسێجا ئاو پاک دەکاتەوە و مەترسیی نەخۆشییە گوازراوەکانیش کەمدەکاتەوە.

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستی گشتی، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوەڕۆی هەولێر چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە. زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووی پایتەختدا، کێشەیەکی چەندین ساڵەی ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی زانستی چارەسەر دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا زیاتر لە 10%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و پێشبینی دەکرێت تا 2 ساڵی داهاتوو بەتەواوی کۆتایی بێت.

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر ئاشکرای کرد، تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی 580 ملیۆن دۆلارە و بە دوو قۆناخ لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و کۆمپانیایەکی ژاپۆنییەوە جێبەجێ دەکرێت. گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە لە قۆناخی یەکەمدا رۆژانە توانای پاککردنەوەی 262 هەزار و 500 مەترسێجا ئاوی هەیە و لە قۆناخی کۆتاییدا ئەم بڕە دەگاتە 840 هەزار مەترسێجا، کە دەتوانرێت بۆ ئاودانی سەوزایی، باخچە و پارکەکان دووبارە بەکاربهێندرێتەوە".

لەلایەکی دیکەوە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: " شەش دەرچەی ئاوەڕۆ لە دەرەوەی شەقامی بازنەیی 120 مەتری بۆ پڕۆژەکە دەگوازرێنەوە و لەمەودوا ئاوەڕۆ لەسەر ئەو شەقامە و دەوروبەری نابیندرێت". روونیشیکردەوە کە ئەم هەنگاوە خزمەتێکی گەورە بە تەندروستی گشتی دەکات، چونکە 75%ـی نەخۆشییە گوازراوەکان لە رێگەی ئاوەڕۆوە بڵاودەبنەوە.

ئەم پڕۆژە مەزنە کە یەکێکە لە شاکارە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە رێگریی لە بەفیڕۆچوونی ئاوی بیرەکان و راگرتنی هاوسەنگیی ژینگەیی لە شاری هەولێر، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی مۆدێرن لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.