بەغدا زیاتر لە ٥٨ ملیار دیناری دیکەی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێم خەرج دەکات

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 350 ملیار دیناری وەک قۆناخی حەوتەمی شایستەی دارایی جووتیارانی ساڵی 2025 دەرکرد، کە لەو بڕە زیاتر لە 58 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە؛ بریکاری وەزارەتی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت کە دوای وەرگرتنی ئەم بڕە، 83 ملیار دیناری دیکەی جووتیارانی هەرێم لای بەغدا دەمێنێتەوە.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی، بڕیاری داوە بە خەرجکردنی بڕی 350 ملیار دینار وەک قۆناخی حەوتەمی شایستەی دارایی جووتیارانی سەرانسەری عێراق بۆ وەرزی پێگەیشتنی گەنمی ساڵی 2025.

هاواری ئاشکرای کرد کە لە کۆی ئەو 350 ملیار دینارە، بڕی 58 ملیار و 633 ملیۆن و 889 هەزار دینار بەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، کە بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیە دابەش کراوە:

پارێزگای سلێمانی: 21 ملیار و 908 ملیۆن دینار.

پارێزگای هەولێر: 19 ملیار و 126 ملیۆن و 203 هەزار دینار.

پارێزگای دهۆک: 16 ملیار و 999 ملیۆن و 686 هەزار دینار.

بریکاری وەزارەتی بازرگانیی هەرێم روونکردنەوەی دا کە کۆی گشتیی شایستە دارایییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکوومەتی فیدراڵی بڕی 141 ملیار و 754 ملیۆن دینار بووە.

بەپێی گوتەی ناوبراو، دوای ئەوەی ئەم بڕە پارەیەی قۆناخی حەوتەم زیاتر لە 58 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت، ئەو کاتە کۆی پارەی ماوەی شایستەی جووتیارانی هەرێم لای حکوومەتی بەغدا دەبێتە 83 ملیار و 120 ملیۆن دینار، کە بڕیارە لە قۆناخ و قۆناخەکانی داهاتوودا خەرج بکرێت و رادەستی هەرێم بکرێتەوە.