ئەکسیۆس: ئەمریکا بە نهێنی رێڕەوێکی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز دروستکردووە

"رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگوازرێتەوە"

ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا بە نهێنی رێڕەوێکی پارێزراوی کەشتیوانیی لە باشووری گەرووی هورمز و لە کەناراوەکانی عومان دروستکردووە و رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی کاروانە پارێزراوەکانەوە دەگوازێتەوە؛ هاوکات دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نەوتێکی بێشومار لە گەرووەکە دێتە دەرەوە و دانوستان لەگەڵ تاران بە کات بەفیڕۆدان دەزانێت.

چوارشەممە 19ی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) کە پشتی بە زانیاریی دوو بەرپرسی ئەمریکی بەستووە، سەرەڕای بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئێران، سوپای ئەمریکا توانیویەتی سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت لە رێگەی کەمکردنەوەی قەیرانی وزەی جیهانی و هەناردەکردنی نیوەی ئەو بڕە نەوتەی کە پێش جەنگ لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبوو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕەکەی گوتی: بڕێکی بێشومار و زۆر لە نەوت لە گەرووی هورمزەوە دێتە دەرەوە. ئێستا ئێمە هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا ناکەین؛ ئەوان کات بەفیڕۆ دەدەن و دانوستان لەگەڵیاندا بەفیڕۆدانی کاتە. ئێرانییەکان هێشتا کەمێک توانای شەڕکردنیان ماوە، بەڵام بە گشتی ئێستا تەنیا پەیکەرێکی پووچی رابردووی خۆیانن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی چەندین هەفتەیە لە ژێر چاودێریی توندی سەربازیدا بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێک، شەوانە لە نێوان 15 بۆ 20 کەشتیی نەوتهەڵگر لە کەناڵی باشووری گەرووەکەوە بە درێژایی کەناراوەکانی عومان دەچنە ناو کەنداو و لێی دەردەچن؛ هاوکات رۆژانە تێکڕا نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت (کە دەکاتە نیوەی بڕی پێش جەنگ) دەخرێتە نێو بازاڕەکانی جیهانەوە، و لە هەندێک شەودا ئەم بڕە گەیشتووەتە 15 بۆ 20 ملیۆن بەرمیل؛ ئاماژەشی داوە، لە شەوی سێشەممەدا، زیاتر لە 20 کەشتی لە رێڕەوەکە هاتوچۆیان کردووە کە بڕی نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی گوت: ئێمە ماوەی دوو مانگە تەواوی کۆنتڕۆڵی هێڵی باشووری گەرووی هورمزمان کردووە؛ سوپای پاسداران تەنیا دەتوانێت بێزاری دروست بکات، بەڵام ئەوان کۆنتڕۆڵی گەرووەکە ناکەن، بەڵکو ئێمە دەیکەین.

سوپای ئەمریکا تەنیا پاسەوانیی کەشتییە پڕەکان ناکات، بەڵکو کەشتییە بەتاڵەکانیش لە دەریای عەرەبەوە دەهێنێتە ناو کەنداو بۆ ئەوەی لە بەندەرەکانی ئیمارات، بەحرێن و کوێت نەوت باربکەن و پاشان دەیانباتە دەرەوە.

ئەکسیۆس باسی لەوەش کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکە لە بارەگای فیرقەی 82ی چەتربازی سوپای ئەمریکا لە (فۆرت براگ) لە ویلایەتی کارۆلینای باکوورەوە بەڕێوەدەبرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، شەوانە کەشتییەکان لە دوو کاتی جیاوازدا بە شێوەی دوو کاروانی گەورە (کاروانێکی هاتوو و کاروانێکی دەرچوو) بە چەندین خاڵی پشکنیندا تێپەڕدەبن؛ هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەردەوام بەسەر ئاسمانی گەرووەکەدا دەسووڕێنەوە بۆ دۆزینەوە و خستنەخوارەوەی هەر مووشەکێکی کرووز یان درۆنێکی ئێرانی.

بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە هات کە لە هەڵمەتێکی سەربازیی دوو هەفتەییدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) توانی تەواوی سیستەمەکانی رادار و چاودێریی دەریایی ئێران تێکبشکێنێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئێستا تاران توانای چاودێریکردنی هێڵەکانی هاتوچۆی کەشتییەکانی لەدەستداوە و تەنیا لە رێگەی بەلەمی خێرا و چەند رادارێکی کەمەوە هەوڵی چاودێری دەدات؛ هەر بۆیە ئێران بە "کوێرانە" مووشەک و درۆن بەرەو ئەو ناوچانە دەهاوێژێت کە گومانی تێپەڕبوونی کەشتییان لێدەکات. بۆ نموونە شەوی دووشەممە، سوپای ئەمریکا توانی 8 درۆن و 2 مووشەکی کرووزی ئێران پێش گەیشتنیان بە کەشتییەکان تێکبشکێنێت.