وێستگەی بارگاویكردنەوەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە هەولێر دادەنرێت
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی دانانی وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەستپێدەکات و 23ـی ئەم مانگە پڕۆژەکە دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بۆ ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتیانە، بەتایبەتی کە ئێستا بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیادی کردووە، هادی روونیکردەوە، چەند وێستگەیەکی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێل هاوشێوەی بەنزینخانەکان لە هەولێر دەکرێنەوە کە تایبەت دەبن بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای کرد، پڕۆژەکە لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە لە رۆژی یەکشەممە 23ـی مانگ رادەگەیەنرێت، بۆ ئەو مەبەستە زەوی ئامادەکراوە و هەرکەسێک ئارەزووی کارکردنی لەم پڕۆژەیەدا هەبێت، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پڕۆژەکەی رادەست دەکات.
کارزان هادی گوتیشی "شوێنی تایبەت و چەند پارچە زەوییەک بە رووبەری 2000 مەتر ئامادەکراون بۆ دروستکردنی وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر."
بەگوێرەی داتاکان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 1000 ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەیە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا، وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان دابنرێت.