ناوی ئەو فەرمانبەرانەی ئەمڕۆ لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندبوون بڵاوکرایەوە
کوردستان24 لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانە بڵاو دەکاتەوە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026 لە چوارچێوەی قۆناخی هەشتەمی پرۆسەکە دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە وەرگرتنی پارچە زەوی سوودمەندبوون.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناخی هەشتەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە تیروپشک بەسەر فەرمانبەران لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە حەوت قۆناخی رابردوودا 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە و ئەمڕۆکەش 13 هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازی دابەش دەکرێت.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی پێدا، تا ئێستا 55 هەزار فەرمانبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سوودمەندبوون.
هەروەها ئاماژەیدا، 27 هەزار فەرمانبەر ماون زەویان پێ بدرێت و بڕیارە لە قۆناخەکانی داهاتوودا و لە ماوەیەکی نزیکدا زەویی بەسەر ئەوانیشدا دابەش بکرێت.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە لە وەرگرتنی زەوی، سوودمەند نەبوون.
بڕیارە بە گوێرەی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2024 بوو، کە خۆی لە چوار ماددە و چەندین بڕگەدا دەبینییەوە.
رێنماییەکان پاڵپشت بە ماددەی 57 لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، لە هەرێمی کوردستان، ژمارە 6ـی هەموارکراوی ساڵی 1993 بوو، کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکوەزیران کە لە 27ی ئاداری 2024 درا، تێیدا تایبەتمەندیی بڕیارەکە و مەرج و پێداویستییەکانی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران روون کرایەوە.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.