شارەوانی هەولێر: بازاڕی سورچی لە هەولێر رێکخرایەوە و شەقامەکانی بۆ هاتوچۆ کرانەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا بازاڕی سورچی (شێخ مستەفا)یان رێکخستووەتەوە و شەقامەکانیان بۆ هاتوچۆی شوفێران کردووەتەوە؛ هۆشداریشی داوەتە کاسبکاران کە پابەندی ڕێنماییەکان بن.

ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "لە پێناو نەهێشتنی ئاستەنگی هاتوچۆ، رێگریکردن لە زێدەڕۆیی سەر موڵکی گشتی و پاراستنی جوانیی سیمای شار، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانی رێکخستنەوەیان لە بازاڕی سورچی (شێخ مستەفا) ئەنجامدا."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێشتر لە رۆژانی هەینیدا بەهۆی دانانی کەلوپەلی کۆنە و بێسوودەوە، بازاڕەکە بە تەواوی دەداخرا و هاتووچۆی شوفێران پەکدەخرا، بەڵام لە ئێستادا شەقامەکان بە تەواویی کراونەتەوە و هاتوچۆ تێیدا ئاسایی بووەتەوە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەوەشی خستووەتە روو، پێشتر لە پاش تەواوبوونی کاتی کارکردنی فرۆشیاران، بڕێکی زۆر لە پاشماوەی ئاسن، پلاستیک، وایەر و کارتۆن لە شوێنەکەدا جێدەهێڵدرا کە باری خاوێنکردنەوەی قورس کردبوو، بەڵام لە ئێستادا شۆستە و شەقامەکان فراوان کراون و کۆنتڕۆڵی رەوشی پاکوخاوێنی کراوە.

شارەوانیی هەولێر جەخت لەسەر بەردەوامیی کارکردنی کاسبکاران و فرۆشیارانی بازاڕەکە دەکاتەوە لەسەر کارەکانی خۆیان، بەڵام هۆشدارییان پێ دەدات کە پابەندی رێنماییەکان بن، زێدەڕۆیی نەکەن و پارێزگاری لە پاکوخاوێنیی بازاڕەکە بکەن.