دوو سەندیکا سەرکۆنەی داخستنی ناوەندەکانی کۆڕەک لە بەغدا دەکەن

سەندیکای کرێکارانی گەیاندن و رێکخراوی کوردستان گەیاندن، لە دوو راگەیەندراوی جیادا، بە توندی سەرکۆنەی رێکارەکانی دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراقیان کرد بۆ داخستنی ناوەندی سەرەکی و سێ لقی فرۆشتنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە بەغدا لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە؛ هەردوو لایەن رێکارەکانی بەغدایان بە نادادپەروەرانە و پێشێلکردنی یاسا وەسف کرد و هۆشدارییان دا کە ئەم هەنگاوە زیان بە 7 ملیۆن بەکارهێنەر، هەزاران کرێکار و تەواوی ئابووریی دیجیتاڵیی عێراق دەگەیەنێت.

هەینی 21ی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوی رێکخراوی کوردستان گەیاندن، بە هاوکاریی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستەی میدیا و گەیاندن هەڵمەتێکی لەنکاو و توندی بۆ داخستنی ناوەندەکانی کۆمپانیای کۆڕەک لە شاری بەغدا جێبەجێ کردووە، کە تێیدا ناوەندی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە گەڕەکی جادریە و سێ ناوەندی فرۆشتن لە ناوچەکانی عەرەسات، شەقامی فەلەستین و مەنسوور بە تەواوەتی داخراون، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نادادپەروەرانە و دەرچوون لە چوارچێوەی کاری ئاسایی دەزگایەکی رێکخەر لەقەڵەم دراوە.

لەم چوارچێوەیەدا، سەندیکای کرێکارانی گەیاندنی کوردستان (لقی هەولێر) نیگەرانیی قووڵی خۆی لەسەر ئەم رێکارانە دەربڕی و رایگەیاند کە هەرچەندە هیچ کۆمپانیایەک لە پابەندییە دارایی و یاساییەکان بەدەر نییە، بەڵام دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراقیش نابێت لە سنووری یاسا و دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕێت و ژیان و بژێویی کرێکاران بکاتە قوربانی.

سەندیکاکە جەختی لەوە کردەوە کە هەر بڕیارێکی کارگێڕی دەبێت پشت بە بنەمای یاسایی روون ببەستێت و یاساکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێن.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر کۆڕەک هەر پابەندییەکی دارایی یان رێکخراوەیی هەبێت، دەبێت لە رێگەی دادگا و پرۆسەیەکی شەفافەوە یەکلا بکرێتەوە، نەک بە هەنگاوێکی توند کە راستەوخۆ ژیانی هەزاران کرێکار و بنەماڵەکانیان بخاتە مەترسییەوە.

لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی کوردستان گەیاندن هۆشداریی دا کە ئەم بابەتە تەنیا کێشەیەکی سادەی نێوان کۆمپانیایەک و دەسەڵاتی رێکخەر نییە، بەڵکو کێشەیەکی نیشتمانییە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هەزاران کارمەند و کێشە دروستکردن بۆ حەوت ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕەکە و تێکدانی بازاڕی پەیوەندییەکان و ئابووریی دیجیتاڵیی عێراق دەبێت، و جەختی کردەوە دەستەی میدیا و گەیاندن نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە دامەزراوە ئابوورییەکان.

رێکخراوەکە لە رێگەی چەند پرسیارێکی روونەوە رووبەڕووی دەسەڵاتدارانی بەغدا بووەوە سەبارەت بە بنەمای یاسایی ئەم بڕیارە، هۆکاری بەکارهێنانی هێزی ئەمنی بە شێوەیەکی لەناکاو، و ئایا هەمان پێوەر و سزا لە دۆخی هاوشێوەدا بەرامبەر کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندییەکان گیراوەتە بەر یان نا، و بڕیارەکە تا چەند لەگەڵ پرەنسیپەکانی یەکسانی و دادپەروەری لەبەردەم یاسادا یەکدەگرێتەوە

هەردوو دامەزراوەکە هۆشدارییان لە بوونی دەستتێوەردانی سیاسی و جیاکاری لە جێبەجێکردنی یاسادا دا و داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفافیان لەسەر ئەم رووداوە کرد، هاوکات داوایان لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی عێراق کرد کە بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکەن و مافی کۆمپانیاکە، هەزاران کارمەند و سەرجەم بەکارهێنەران لە چوارچێوەی یاسادا بپارێزن.