پارێزگاری هەولێر: دابەشکردنی بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکاتەوە
دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو لە هەولێر بۆ 25 تا 35 وێستگە زیاد دەکرێت
پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند, لە بەیانییەوە ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی دابەش دەکەن بۆ 25 تا 35 وێستگە زیاد دەکرێن و دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی سووتەمەنی دەستپێدەکاتەوە؛ بە جۆرێک کە لە سەرەتادا هەفتانە بەشێک بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و هەوڵیش هەیە دوو بەش بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی دابین بکرێت.
هەینی 21ی ئابی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بەیانییەوە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی بە نرخی 750 دینار لە شاری هەولێر فراوانتر دەکرێت و لە نێوان 25 بۆ 35 بەنزینخانەدا دابەش دەکرێت، هاوکات کارتی وەرگرتنی سووتەمەنی (کۆبۆن) دووبارە کارا دەکرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە لە سبەینێوە دابەشکردنی بەنزین بە کارت بە شێوەیەکی تاقیکاری دەستپێدەکات، و پێشبینی دەکەن لە رۆژی یەکشەممەوە پرۆسەکە بە تەواوەتی لە هەولێر رێکبخرێتەوە و ببێتەوە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و کارت. لە هەمان کاتدا، تیمە هاوبەشەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بەردەوام چاودێریی کارکردنی بەنزینخانەکان دەکەن، بە مەبەستی پاراستنی بەردەوامیی پرۆسەکە و زیادکردنی ژمارەی وێستگەکان هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی بڕی سووتەمەنیی دابینکراو.
سەبارەت بە شێوازی دەستنیشانکردنی بەنزینخانەکان، ئومێد خۆشناو روونی کردەوە، هیچ لیستێکی دیاریکراو بە ناوی بەنزینخانەکان بڵاوناکرێتەوە، بەڵکو شۆفێران دەتوانن لە رێگەی ئەو تابلۆیانەی لەسەر بەنزینخانەکان دادەنرێن و ئاماژە بە بوونی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی دەکەن، سووتەمەنی وەربگرن.
دەربارەی بەشەسووتەمەنی و پشکی ئۆتۆمبێلەکانیش، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد دابەشکردنەکە لە رێگەی کارت و کۆبۆنەوە دەبێت، بە جۆرێک لە قۆناخی سەرەتادا هەفتانە یەک بەش بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلە ئاسایی و تایبەتەکان دیاری دەکرێت، هاوکات هەوڵێکی چڕ لە ئارادایە بۆ ئەوەی بەشەسووتەمەنیی ئۆتۆمبێلی تاکسی زیاتر بکرێت و لە هەفتەیەکدا دوو بەشیان پێبدرێت تاوەکو بارگرانی لەسەر کاسبیی رۆژانەیان دروست نەبێت.