پڕۆژەیەکی نوێی شەقامی 60 مەتری لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نوێی لە کەرتی رێگاوبان بە گوژمەی زیاتر لە 36 ملیار دینار لە شاری هەولێر راگەیاند، کە هەردوو شەقامی خێرای 120 مەتری و 150 مەتری بە یەکترەوە دەبەستێتەوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکارییە بۆ هاتوچۆی شۆفێران لە پایتەختدا.

شەممە، 22ـی ئابی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکان بۆ باشترکردنی ژێرخانی رێگاوبان و فەراهەمکردنی ئاسانکاری بۆ شۆفێران، پڕۆژەیەکی نوێی دروستکردنی بەشێکی شەقامی 60 مەتری لە شاری هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە گرنگیی پڕۆژەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەم پڕۆژەیە دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتن و بەستەرێکی ستراتیژی و گرنگ لە نێوان هەردوو شەقامی خێرای 120 مەتری و 150 مەتری لە شاری هەولێر، ئەمەش جووڵەی ئۆتۆمبێل لە نێوان شاڕێگاکانی پایتەختدا خێراتر دەکات و پەستانی زۆری سەر شەقامە ناوخۆیییەکان کەم دەکاتەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەکە، تێچووی گشتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەگاتە 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار؛ پرۆژەکە دروستکردنی 10 کیلۆمەتر شەقامی نوێ لە کۆی گشتیی 15 کیلۆمەتری شەقامەکە لەخۆدەگرێت و رووبەری گشتیی کارکردن لە تەواوی پڕۆژەکەدا دەگاتە 182 هەزار مەتر دووجا.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەک یەکێک لە هەنگاوە گرنگ و بنەڕەتییەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی رێگاوبان لە شاری هەولێر سەیر دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی، کاریگەرییەکی راستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر خێراترکردنی هاتوچۆی شۆفێران، کەمکردنەوەی کاتی گەیشتن و بنبڕکردنی قەرەباڵغیی نێوان شەقامە سەرەکی و ستراتیژییەکانی شاری هەولێر هەبێت.