لە سلێمانی کارتی زیرەکی نەوت بۆ هاووڵاتییان دروست دەکرێت

لە چوارچێوەی پرۆسەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پرۆسەی دەرکردنی کارتی زیرەکی نەوت بۆ هاووڵاتییان لە بەشێک لە پارێزگاکان دەستیپێکردووە و لەمەودوا دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە رێگەی ئەو کارتەوە دەبێت.

ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە دەستیپێکردووە و کارتی کاتی راگیراوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە یەکشەممە تا پێنجشەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن و کارتە کاتییەکانیان بۆ هەمیشەیی بگۆڕن.

ئاراس محەمەد لەبارەی پێداویستییەکانی هەمیشەییکردنی کارتەکان گوتی، بۆ ئەو مەبەستە کۆپییەک لە زانیارییەکانی بەرنامەی خۆراک، کۆپیی فۆڕمی خۆراکی ماڵی باوکی هاووڵاتی بۆ ساڵانی 2020 تا 2022، لەگەڵ کۆپیی کارتی نیشتمانی پێویستە.

سەبارەت بە کارتی زیرەکی نەوت، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی روونیکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کارتی زیرەکی نەوت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دروست دەکرێت، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و دابەشکردنی یەکسان و دادپەروەرانەی گاز و نەوتە، بەشێوەیەک هاووڵاتییان بتوانن لە رێگەی ئەو کارتەوە پێداویستییەکانیان وەربگرن.

زیاتر لە مانگێکە پرۆسەی دروستکردنی کارتی زیرەکی نەوت لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، ئێستا لە چەند ناوچەیەک هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەو کارتەوە نەوت و گاز و بەنزین وەربگرن. جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە تا ئاستێکی بەرچاو کێشەی دابینکردنی سووتەمەنیی چارەسەرکردووە.