لە چوارقوڕنە قۆناخی دووەمی دابهشكردنی زهوی جێبهجێ دهكرێت
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، لە چوارقوڕنە، قۆناخی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستی پێ کرد و تیروپشک بۆ دیاریکردنی سوودمەندان بەڕێوەچوو.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە چوارقوڕنە رایگەیاند، پرۆسەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەردەوامە. ئیدارەی راپەڕین لە سەنتەری رانییە، پشدەر و حاجیاوا، لەگەڵ پێنج شارەدێی سەر بە قەزای پشدەر پێکدێت، بریتین لە هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە، ژاراوە و سەنگەسەر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەرەڕای ئامادەکارییەکان، لە سنووری قەزای پشدەر پرۆسەی دابەشکردنی زەوی هێشتا نەچووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە. هاوکات لە قەزای حاجیاوا پرۆسەکە لە دوو قۆناخدا جێبەجێ کراوە و نزیکەی 250 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە.
لە سنووری قەزای رانییە، پرۆسەکە تەنیا لە چوارقوڕنە دەستی پێ کردووە. قۆناخی یەکەمی دابەشکردن لە سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو و 146 فەرمانبەر سوودمەند بوون. ئەمڕۆ لە قۆناخی دووەمدا 230 فەرمانبەری دیکە زەویان پێ دەدرێت.
ئەو پەیامنێرە روونیکردەوە، تیروپشکی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و نوێنەری داواکاری گشتی بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی چاودێری شەفافیەتی پرۆسەکە بکەن.
لەم قۆناخەدا ئەو فەرمانبەرانە زەویان پێ دەدرێت کە خاڵبەندییان لەنێوان 35 بۆ 40 خاڵدایە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە قۆناخی یەکەمدا ئەو فەرمانبەرانە سوودمەند بوون کە خزمەتی فەرمانبەرییان لە سەرووی 40 ساڵەوە بوو، بەڵام ئەمڕۆ خاڵبەندییەکە بۆ 35 خاڵ دابەزیوە.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 142ـی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە لە ئاداری ساڵی 2024 دەرچووە. رۆژی دووشەممە، 3ـی ئاب شارەدێی چوارقوڕنە وەک یەکەم وێستگەی ئەم پرۆسەیە لە سنوورەکە دەستنیشانکرا، تێیدا لە قۆناغی یەکەمدا ئەو فەرمانبەرانە دەبنە سوودمەند کە بەپێی سیستەمی خاڵبەندی، کۆی خاڵەکانیان لەنێوان 40 بۆ 70 خاڵدایە و ژمارەیان 148 فەرمانبەرە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پرۆسەکە لە تەواوی ئیدارەی راپەڕین بەهۆی کێشەی یاسایی و تەکنیکیی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە دواکەوت، بەڵام بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان و تەرخانکردنی چوار هەزار پارچە زەوی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی راپەڕینەوە، توانرا ئاستەنگەکان ببڕدرێن و تیروپشکەکە لە چوارقوڕنەوە دەستپێبکات، بە ئامانجی ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتوودا گشت شارۆچکە و شارەدێیەکانی دیکەی سنوورەکە بگرێتەوە.