گرووپە چەکدارەکان دەبنە بەشێک لە سیستمی ئەمنی عێراق
ناونیشانی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان گۆڕاوە و چیتر ئەو دەستەواژەیە بەکار ناهێنرێت، بەڵکو بڕیارە پرۆسەکە بە ناوی پەیوەست نەبوون بە گرووپەکان و چوونە ناو حەشدی شەعبی بەڕێوە بچێت.
کازم شەمەری، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان، لەگەڵ سەرجەم گرووپەکان جگە لە کەتائیبی حزبوڵڵا کۆبووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا لێکتێگەیشتنی باش هاتووەتە ئاراوە.
شەمەری گوتی: رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی چیتر باس لە چەکدانانی گرووپەکان نەکرێت، بەڵکو پرۆسەکە وەک پەیوەست نەبوون بە گرووپەکان و چوونە ناو حەشدی شەعبی بناسێندرێت، چونکە حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستمی ئەمنی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە روونیکردەوە، سەرجەم گرووپە چەکدارەکان چاویان بەو لێژنەیە کەوتووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دانانی چەک پێکیهێناوە. هاوکات سەرجەم گرووپەکان بەدەر لە کەتائیبی حزبوڵڵا، چاویان بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوتووە و لەگەڵیدا گفتوگۆیان کردووە.
شەمەری لە کۆتاییدا رایگەیاند، گەشبینییەکی زۆر هەیە لەبارەی وازهێنانی ئەو گرووپانە لە چالاکییەکانیان و پەیوەندیکردنیان بە حەشدی شەعبی. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، کەشوهەوایەکی ئەرێنی دروست بووە و لایەنەکان گەیشتوونەتە لێکگەیشتنێکی باش، بە جۆرێک تا کۆتایی مانگی 9 پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.