هەڤاڵ ئەبوبەکر: دەبێت کورد لە هەموو بارودۆخێکدا تەبا بێت

پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، پێویستە کورد لە هەموو بارودۆخێکدا تەبا بێت و کار بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنی نێوماڵی خۆی بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی جەختیکردەوە، دەبێت کارەکان لەسەر بنەمای حکوومەتی هاووڵاتی، سەروەریی یاسا و پابەندبوون بە بنەما دەستوورییەکان بەڕێوەبچن. ئەبوبەکر گوتی: "لە هەموو بارودۆخێکدا وا دەخوازێت و دەبێت باوەڕی تەواومان هەبێت بەوەی بارودۆخ هەر چۆنێک بێت، دەبێت کورد تەبا بێت، نێوماڵی خۆی رێکبخات و یەکبخات".

بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، پێویستە هەموو کەسێک خۆی بە شەریک، بەشدار و هاوبەشی ئەم خاک و نیشتمانە بزانێت. ئەبوبەکر گوتیشی، کاتی ئەوە هاتووە کورد بە خۆیدا بچێتەوە، ریزەکانی رێکبخات، ئامانجەکانی دیاری بکات و کاری هاوبەشیان بۆ بکات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی: "دەبێت دڵنیا بینەوە لەوەی رابردوومان یەک بووە، ئێستامان دەبێت یەک بێت و ئایندەمان یەکە؛ ئەم بارودۆخانەش سوودێکی گرنگ بە یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانی و سەرخستنی دۆزە رەواکانمان دەگەیەنێت".

پارێزگاری سلێمانی پێویستیی دوورکەوتنەوە لە تۆمەتبارکردنی یەکتری خستەروو و جەختیکردەوە، بە بنەمای یاسا، شەفافییەت، لێپرسینەوە و حکوومەتی هاووڵاتی دەتوانرێت ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنرێن کە قوربانییەکی زۆری لەپێناودا دراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەم قۆناخەی بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە بۆ ئێستا و ئایندە ناوبرد تا لەبەردەم نەوەکانی ئێستا و داهاتوودا، خاکی کوردستان و سەروەرییەکان بەهەدەر نەدرێن. پارێزگاری سلێمانی دووپاتیکردەوە: "دەبێت هەمووان پێکەوە بن، پشتی یەک بگرن و دەست لەناو دەستی یەک ئەم قۆناخانە بە سەربەرزانە و سەرکەوتووانە تێپەڕێنن".