تەنیا 18 رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300,000 هاوبەشی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێم سوودمەند بوون لە بڕیاری داشکاندنی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی. ئاماژە بەوەش دراوە کە تەنیا 18 رۆژ لەبەردەم هاوبەشان ماوە بۆ سوودمەندبوون لەم دەرفەتە و پڕۆسەکە بە هیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوایین پێشهات و ئامارەکانی تایبەت بە داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبای بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، تاوەکو رۆژی 24ـی ئابی 2026، زیاتر لە 300,000 هاوبەش کە زۆربەیان ماڵن، سوودمەندبوون لەم داشکاندنە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی 75%ـی ئەو هاوبەشانە لە رێگەی سیستەمی "ئێ-پسوولە"وە پارەکەیان داوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەنیا 18 رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی داشکاندنەکە کە لە 3ـی ئابی 2026ـەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 10ـی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت. حکوومەت جەخت دەکاتەوە کە ئەمە دوایین هەلە و وادەکە درێژناکرێتەوە، بۆیە داوا لە هاوبەشان دەکەن بەزووترین کات قەرزەکانیان لە رێگەی "ئێ-پسوولە" بدەن بۆ ئەوەی تووشی قەرەباڵغی نەبن، چونکە پارەدان لە رێگەی کارمەندی کۆکردنەوەوە ئەنجام نادرێت.

حکوومەتی هەرێم روونیشیکردەوە، ئەم داشکاندنە تەنیا قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی دەگرێتەوە و پسوولەی مانگانەی رووناکی هیچ داشکاندنێکی لەسەر نییە. بەپێی رێنماییە نوێیەکان، پسوولەی مانگانەی رووناکی دەبێت لەماوەی 50 رۆژدا بدرێت، بەپێچەوانەوە لە رێگەی سیستەمی خۆکارەوە کارەبای ئەو هاوبەشە دەپچڕێت.

سەبارەت بەو هاوبەشانەی لە وادەی دیاریکراودا قەرزەکانیان نادەنەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی کارەبا و تیمی پڕۆژەی رووناکی راسپاردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزە بمێنەوانە بدەن کە دوای تەواوبوونی ماوەی داشکاندنەکە دەمێننەوە.