سزا ئابوورییە نوێیەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران چین؟
بڕیارە ئەمڕۆ ئەمریکا قورسترین پاکێجی سزای ئابووری بۆ سەر ئێران رابگەیەنێت، ئامانج لێی پەکخستنی تەواوەتیی کەرتەکانی نەوت، بانک و پیشەسازیی ئەو وڵاتەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، کاتژمێر 09:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پاکێجێکی نوێی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا رادەگەیەنێت.
بیسێنت جەختی کردووەتەوە، ئەم سزایانە دەبنە قورسترین رێکاری ئابووری تاوەکو ئێستا بەسەر تاراندا سەپێنرابن.
بە مەبەستی جێبەجێکردنی وردی رێکارەکان، ئەم پاکێجە نوێیەی سزاکان دابەش کراوە بەسەر چەند کەرتێکی سەرەکیدا بەمشێوەیەی خوارەوە:
کەرتی نەوت و وزە:
- قەدەغەکردنی هەناردەی نەوت: هەر وڵات و کۆمپانیایەک نەوتی خاو، گاز یان بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکانی ئێران بکڕێت راستەوخۆ سزا دەدرێت.
- گەمارۆی دەریایی: چاودێریکردنی کەشتیگەلی نەوتهەڵگری ئێران لە گەرووی هورمز و دەریای ناوەڕاست توندتر دەکرێت بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت.
کەرتی بانکی و دارایی:
- دابڕان لە سیستمی سویفت: مامەڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران بە تەواوی پەکدەخرێن، بە جۆرێک تاران ناتوانێت پارەی هیچ کاڵایەک لە دەرەوە وەربگرێت یان بنێرێت.
- سزادانی بانکی ناوەندی: تەواوی یەدەگی دراوی بیانیی ئێران لە بانکەکانی جیهاندا سڕ دەکرێت.
- یاسای سزای لاوەکی: هەر بانکێکی بیانی لە جیهاندا سزا دەدرێت ئەگەر مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە ئێرانییەکاندا بکات.
کەرتی پیشەسازی و بازرگانی:
- پیشەسازییە قورسەکان: سزاکان کەرتی ئاسن، پۆڵا، ئەلەمنیۆم و مس دەگرنەوە، لەبەر ئەوەی دوای نەوت گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئێرانن.
- کەرتی فڕۆکەوانی و ئۆتۆمبێل: فرۆشتنی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی مەدەنی و ئۆتۆمبێل بە ئێران قەدەغە دەکرێت.
- بازرگانیی دەریایی و ئاسمانی: کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دەخرێنە ناو لیستی رەشەوە.
سزای کەسی و دەزگایی:
- سوپای پاسداران: ناوی سوپای پاسداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەر بەو دەزگایە دەخرێنە لیستی تیرۆر و سزادانەوە.
- بەرپرسانی باڵا: سەرمایەی دەیان بەرپرسی سیاسی، سەربازی و دارایی ئێران سڕ دەکرێت و گەشتکردنیان لێ قەدەغە دەکرێت.
لە دوای شەش مانگ لە ململانێ و جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە ستراتیژییەکی نوێی ئابووری بەکاربهێنێت و ئەم هەنگاوەش بە "رۆژی دی-دەی ئابووری" ناسراوە.
ئامانجی ئەمریکا بڕینی سەرجەم سەرچاوە داراییەکانی تارانە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەیان لە رووی ئابوورییەوە بڕووخێت، ئەمەش وەک جێگرەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگێکی سەربازیی گەورە سەیر دەکرێت.
هاوکات واشنتن داوای لە هاوپەیمانەکانی و تەنانەت وڵاتانی وەک چین کردووە هاوکارییان بکەن و پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران رابگرن.