پیاوێک هەشت ئەندامی خێزانەکەی کوشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
پۆلیسی ویلایەتی مۆنتانای ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی کوشتنی بەکۆمەڵ دەکات کە تێیدا پیاوێکی تەمەن 44 ساڵ هەشت ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە و پاشان ئاگری لە خانووەکەیان بەرداوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن خێزانەکەیەوە ناچارکرابوو ماڵ جێبهێڵێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی پۆلیس، بکوژەکە ناوی (ئالان سمیت)ە و تەمەنی 44 ساڵە. رووداوەکە رۆژی یەکشەممە لە کاتێکدا روویداوە کە ئەندامانی خێزانەکە بۆ نانی ئێوارە کۆببوونەوە. براد ئایلەند، کە هاوژینی پێشووی یەکێک لە قوربانییەکانە، رایگەیاندووە کە دایک و باوکی سمیت تەنیا چەند هەفتەیەک پێش رووداوەکە داوایان لێکردووە ماڵەکەیان جێبهێڵێت، بەڵام ئەو رۆژی یەکشەممە گەڕاوەتەوە و دەستڕێژی گولەی لێ کردوون.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە قوربانییەکان لەنێوان چوار نەوەی جیاواز دان، کە تەمەنیان لەنێوان 7 بۆ 90 ساڵیدایە. پۆلیسی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، دەنگی تەقە لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکە بیستراوە و دواتر خانووەکە بە تەواوی سووتاوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە هەشت کەس بوونەتە قوربانی و گومانلێکراوەکەش دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، فیشەکێکی بە خۆیەوە ناوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. لەنێو کوژراوەکاندا، مێگان گێکیر و دوو منداڵەکەی بە ناوەکانی ئۆوین ئایلەند تەمەن 13 ساڵ و کلۆی ئایلەند تەمەن 7 ساڵ هەن، هەروەها دوو منداڵی دیکەی هاوژینی ئێستای مێگان کە تەمەنیان 15 و 12 ساڵ بووە، گیانیان لەدەستداوە.
جێنیفەر مێرسەر، هاوڕێی خێزانەکە، رایگەیاند کە شارلۆت گێکیری تەمەن 12 ساڵان، پێش گیانلەدەستدانی توانیویەتی پەیوەندی بە ژمارەی فریاکەوتنی 911 بکات و هەوڵی رزگارکردنی خێزانەکەی بدات.
سەبارەت بە ناسنامەی بکوژەکە، کەسوکارەکەی دەڵێن ئالان سمیت کەسێکی گۆشەگیر بووە و زۆربەی کاتەکانی لە ژوورەکەی خۆی بەسەر بردووە. هەرچەندە پێشتر هیچ تۆمارێکی تاوانکاری نەبووە، بەڵام ئاماژە بەوە دراوە کە چەندین نیشانەی ئاگادارکەرەوە لەسەر رەفتارە توندوتیژەکانی هەبووە و کەس گوێی پێنەداوە. یەکێک لە دراوسێکان دەڵێت کاتێک دوکەڵی رەشی لە ماڵەکە بینیوە و پۆلیسی بە چەکی قورسەوە بینیوە، زانیویەتی کارەساتێکی گەورە لە ناوچەکە روویداوە.