ناتانیاهۆ: ناتوانرێت رێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا بکرێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی مەراسیمێکدا بۆ نیشتەجێبووانی ئیسرائیلی لە کەناری رۆژئاوا کە لە قودس بەڕێوەچوو رایگەیاند، هیچ دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی حوکمی ئێران دەکەن لەئارادا نییە، هاوکات ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد لە بەرامبەر گەورەترین هێرشی دارایی کە دژی ئێران دەستی پێکردووە.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە دوایین سەردانیدا بۆ واشنتن، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی ئەگەری پەنابردن بۆ دیپلۆماسییان کردووە، بەڵام گوتی: "گومانم هەیە بتوانرێت لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، چونکە لەگەڵ ئەو گرووپەی حکوومی تاران دەکەن، ناتوانرێت رێککەوتن بکرێت."

رەخنەکانی ناتانیاهۆ بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ تاران مێژوویەکی کۆنی هەیە و ئەو هەمیشە دژایەتی خۆی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 دەربڕیوە، ئەم لێدوانە توندانە لە کاتێکدا دێن کە ناوچەکە لە 28ـی شوباتەوە کەوتووەتە ناو جەنگێکی فراوانەوە، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، لە وەڵامدا تاران بە مووشەکبارانکردنی وڵاتانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز وەڵامی دایەوە.

رێککەوتنی ئاگربەست کە لە نیسانی رابردوو بەدیهات و دواتر واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە حوزەیران، نەیانتوانی ئاشتییەکی بەردەوام دابین بکەن و گفتوگۆکان شکستیان هێنا، لەو کاتەوە، ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی پچڕپچڕ لە باشووری ئێران و دەوروبەری گەرووی هورمز گورزی سەربازی لە یەکتری دەوەشێنن.

دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ گەورەترین هێرشی ئابووری دژی ئێران راگەیاند بە ئامانجی لەناوبردنی ئابووریی ئەو وڵاتە، ناتانیاهۆ کە بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەم لە راپرسییەکاندا پاشەکشەی کردووە، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ئەم فشارانە دەربڕی و گوتی،" ئەو خۆی ئەم پێشنیازەی بۆ سەرۆکی ئەمریکا کردووە و بە تەواوی پشتگیری دەکات". 

رەهەندێکی تری ئەم ململانێیە بۆ ناتانیاهۆ بووەتە پرسێکی کەسی، دوای ئەوەی ئاشکرای کرد ئێران، هەوڵی تیرۆرکردنی یەکێک لە کوڕەکانی داوە، بە گوێرەی کەناڵی "نیوز ماکس"ی ئەمریکی، ئامانجەکە یائیر ناتانیاهۆی تەمەن 35 ساڵ بووە لە میامی، کە بەهۆی ئەم هەڕەشەیەوە بەپەلە گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن، چوارشەممە 26ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا تەواوی وردەکارییەکانی پەیوەست بە سەردانی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بۆ مۆسکۆ، جەنگی ئۆکرانیا، دۆخی سەرکردە باڵا بریندارەکەی ئێران، و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرنامەی (گلێن بێک)، سەبارەت بە دۆخی جەنگ لەگەڵ ئێران و پرسیاری پێشکەشکار لەسەر چارەنووسی سەرکردەیەکی باڵای ئەو وڵاتە و دەنگۆی کوژرانی، ترەمپ بە روونی رایگەیاند: پێموانییە مردبێت، بەڵام بە سەختی بریندار بووە، لای چەپی جەستەی بە تەواوی، لەوانە قۆڵ و قاچی، بە توندی پێکراون. ئەوان لە تاران تەنیا نمایش دەکەن بەوەی بەردەوام دەچنە لای بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و مۆڵەتی کۆتایی، بەڵام ئەوان گرووپێکی بەشەرەف و جێمتمانە نین بۆ رێککەوتنکردن.

ترەمپ سەرنجی خستە سەر دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە و ئاشکرای کرد: ئێمە گەرووی هورمزمان بە کراوەیی هێشتووەتەوە؛ تەنیا شەوی رابردوو هێزەکانمان توانییان 22 بەلەمی ئێرانی تێکبشکێنن. لە پرۆسەی گەمارۆدانی دەریاییدا، هێزی دەریایی و سوپای ئەمریکا ئاستێکی بڕواپێنەکراویان پێشکەش کردووە. هەر لە بەکارهێنانی بۆمبهاوێژەکانی (B-2)ەوە بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان تاوەکو ئێستا، ئێمە بە تەواوی باڵادەست بووین بەسەر دۆخەکەدا و بەرەو سەرکەوتنێکی زۆر گەورە هەنگاو دەنێین هاوشێوەی سەرکەوتنەکەمان لە ڤەنزوێلا.

هەروەها دووپاتیکردەوە هێزی ئاسمانی ئێران لەنێوچووە و دۆخی ئابوورییان زۆر خراپبووە، پێم وایە رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە 300%، تەنانەت ناتوانن مووچەی سەربازەکانیان بدەن و دراوەکەیان بەتەواوی بێ بەهابووە.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دۆخی هاتوچۆی نەوت لە کەنداو کرد و گوتی: تەواوی مینە چێنراوەکانمان لە گەرووی هورمز پاککردووەتەوە وەک چۆن دوێنێ بە فەرمی بڵاومانکردەوە؛ گەرووەکە ئێستا بە تەواوی کارایە و نەوتێکی زۆر هەناردە دەکرێت، بە جۆرێک تەنیا رۆژی رابردوو بڕی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە. راستە جاروبار درۆنێک یان مووشەکێک دەهاوێژرێت، بەڵام گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەیە و کار دەکات.

ترەمپ سەرجەم دەنگۆکانی سەبارەت بە مەترسییەکانی گەشتەکەی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA بۆ رووسیا رەتکردەوە و گوتی: هیچ کام لەو لێکدانەوانە راست نین؛ سەردانەکە کارێکی نیمچە رۆتینییە و دەمانەوێت جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت.

ترەمپ روونیکردەوە، لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا زیاتر لە 25 ملیۆن کۆچبەر کە بەشێکیان بکوژ، بازرگانی ماددەی هۆشبەر و زیندانی بوون هاتوونەتە ناو خاکی ئەمریکاوە.