بانکی ناوەندیی عێراق چاپکردنی دروای نوێ و لابردنی سفرەکانی دینار رەتدەکاتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی چاپکردنی هەر جۆرە دراوێکی نوێی عێراقی کە سفرەکانی لێ لابرابێت رەتیکردەوە.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمەکانیان بەدواداچوونیان بۆ ئەو هەواڵ و لێدوانانە کردووە کە لە هەندێک میدیادا سەبارەت بە چاپکردنی دراوی نوێ و ئامادەکاری بۆ خستنە بازاڕەوە بڵاوکراونەتەوە، بانکەکە جەختی کردەوە، "ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە و چاپکردنی دراوی نوێ بە لابردنی سفرەکان رەت دەکەینەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر پڕۆژەیەکی پەیوەست بە رێکخستنەوەی جۆرەکانی دراو یان لابردنی سفرەکان، لە ئەگەری وەرگرتنی بڕیاری فەرمیدا، لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی بانکەکەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێت، بانکەکە روونیکردەوە، لەو حاڵەتەشدا ماوەیەکی گونجاو بۆ گۆڕینەوەی دراوەکە بە شێوەیەکی ئارام و رێکخراو دیاری دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی تەواوی ماف و پابەندبوونە داراییەکانی هاووڵاتییان.
بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان و میدیاکان کرد تەنیا پشت بە راگەیەندراو و کەناڵە فەرمییەکانی بانکەکە ببەستن بۆ بەدەستهێنانی زانیارییەکانی تایبەت بە سیاسەتی نەختینەیی، هاوکات بانکی ناوەندی هۆشداری دا، بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی پشتڕاستنەکراوە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی شڵەژان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە داراییەکانی هاووڵاتییان.