دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی بە سەرۆکوەزیران دا بۆ دوورخستنەوەی بەرێوەبەرە گشتییەکان

دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر داوای عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد، بەپێی ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی لادانی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی هەیە کە بێتوانایی یان نەبوونی لێهاتووییان لە کارەکانیاندا دەسەلمێنرێت.

بڕیاری دادگاکە بە ژمارە (227/فیدراڵی/2026) کە لە 24ـی ئاب دەرچووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە، لە وەڵامی داواکارییەکی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە بۆ راڤەکردنی بڕگەکانی (یەکەم و پێنجەم)ـی ماددەی (80)ـی دەستوور، ئەو ماددەیە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاروباری کارگێڕیی و پێشنیازکردنی لادانی خاوەن پلە تایبەتەکان.

دادگای باڵای فیدراڵی روونیکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران لە چوارچێوەی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی خۆیدا، مافی ئەوەی هەیە ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی شیاونەبوونیان بۆ بەردەوامبوون لە پۆستەکانیان یەکلایی دەبێتەوە، لە کارەکانیان دووربخاتەوە، دادگاکە جەختیشی کردەوە، یاسای ژمارە (880)ـی ساڵی 1988 رێگری لە پەیڕەوکردنی ئەو دەسەڵاتە ناکات، جگە لەو حاڵەتانەی کە یاساکە خۆی رێکیخستوون.

لەبارەی خاوەن پلە تایبەتەکان، دادگاکە بڵاویکردەوە ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت پێشنیاری لادانیان بۆ پەرلەمانی عێراق بەرزبکاتەوە، ئەمەش بەو مەرجەی پەرلەمان تایبەتمەندیی خۆی لە رەزامەندیدان بەپێی دەستوور و یاسا بەکاربهێنێت.

دادگای باڵای فیدراڵی پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە، دەسەڵاتی لادان رەها نییە و دەبێت پابەند بێت بە بنەمای شەرعییەت و گەرەنتییە یاساییەکانی فەرمانبەری گشتی، ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتەش دەبێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی و دڵنیابوون لە رۆیشتنی دروستی کارەکانی دامەزراوە گشتییەکان بێت.

دادگاکە مەرجی ئەوەی دانا، نابێت لادان بە شێوەیەک بەکاربهێنرێت کە ببێتە سەرپێچی بۆ رێکارە یاساییەکان، هاوکات جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە ئەم بڕیارانە نەبنە هۆکار بۆ دروستبوونی بارگرانیی دارایی لەسەر گەنجینەی گشتی یان دووبارەبوونەوەی پۆستەکان بەبێ بنەمای یاسایی.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراوەتەوە بڕیارەکە بە کۆدەنگی دەرچووە و بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان کۆتایی و پابەندکەرە.

نووسراوەکەی دادگای باڵای عێراق