نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 5% دابەزی
نرخی نەوت سەرەڕای گرژییە پەیوەندیدارەکان بە ململانێکان لەگەڵ ئێران و تێکچوونی جموجووڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، زیاتر لە 5%ـی بەهای خۆی لەدەست دا، ئەم دۆخە پێچەوانەیە، کاریگەریی پێشبینییەکانی بازاڕ لەسەر ئاستی خستەڕوو و خواستی جیهانی بۆ نەوت دەردەخات.
شەممە 29ـی ئابی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی بزنس تایمز، نرخی نەوتی برێنت لەسەر 89.31 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر بوو، کە رێژەی 0.43% دابەزیوە، هاوکات نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوا مامەڵەکانی بە 83.40 دۆلار کۆتایی پێ هێنا، کە دابەزینێکی بە رێژەی 0.16% بەخۆیەوە بینی، بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەفتانە، نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 5% و نەوتی تەکساسی رۆژئاواش زیاتر لە 4% دابەزیون.
وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری نیشانەکانی گەڕانەوەی ئاساییبوونی رێڕەوی نەوت لە گەرووی هورمز دەکەن، پێش دەستپێکی ململانێکان، نزیکەی 20%ـی ئۆفەری نەوتی جیهانی لەو رێڕەوەوە تێپەڕ دەبوو، هەرچەندە جموجووڵی کەشتییەکان هێشتا ناسەقامگیرە، بەڵام هەواڵی هەوڵدان بۆ کردنەوەی دووبارەی ئەو رێڕەوە دەریاییە ئومێدی بۆ باشبوونی ئۆفەری نەوت دروست کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لەسەر نرخەکان.
پێنجشەممە، داتاکانی پێشوەختە دەریانخست کە 7 کەشتیی کاڵا لە گەرووەکەدا تێپەڕ بوون، ئەمە لە کاتێکدایە چوارشەممە 17 کەشتی تێپەڕ ببوون و لە 10 رۆژی رابردوودا بە تێکڕا 15 کەشتی لەو رێڕەوەدا هاتوچۆیان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی نەوت کەوتە ژێر گوشاری لێدوانەکانی کێڤن وارش، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، وارش ئاماژەی بە ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە کۆتایی ئەمساڵدا کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان، ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە خواستی نەوت زیاتر کرد.
پێشبینییەکانی گۆڵدمان ساکس ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەی نەوتی کەنداو لە ئێستادا لەنێوان 15 بۆ 16 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا. ئەم رێژەیە هێشتا لە ئاستی پێش ململانێکان کەمترە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لەو نزمترین ئاستە بەرزترە کە لە ئاداری رابردوودا تۆمار کرابوو.