وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: رێژەی ئاوی فورات چوار هێندە زیادی کردووە

وەزارەتی سەرچاوکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، بڕی ئەو ئاوەی لە لایەنی سووریاوە لە رێگەی رووباری فوراتەوە دەگاتە ناو خاکی عێراق، بۆ 680 مەتری سێجا لە چرکەیەکدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا تەنیا 151 مەتری سێجا بووە.

خالید شەماڵ، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، رێژەی هاتنی ئاو لە حەوزی رووباری فوراتەوە چوار هێندە زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، 500 مەتری سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە بەنداوی حەدیسەوە بەرەو پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست بەردەدرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا رۆژانە 180 مەتری سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە دەریاچەی بەنداوەکە کۆگا دەکرێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، بڕی ئاوی کۆگاکراو لە دەریاچەی بەنداوی حەدیسە گەیشتووەتە چوار ملیار و 800 ملیۆن مەتری سێجا، بەڵام هێشتا شوێنی سێ ملیار و 400 ملیۆن مەتری سێجای دیکە لەناو بەنداوەکەدا بەتاڵە.

گوتەبێژی وەزارەتەکە روونیکردەوە کە بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو عێراق بەندە بە سێ هۆکاری سەرەکی: یەکەم، بارودۆخی کەشوهەوا و رێژەی بارانبارین لە تورکیا و سووریا. دووەم، رێکارە کارپێکردنەکانی تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی ئاو، سێیەمیش، سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو لە سووریا.

سەبارەت بە رێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، خالید شەماڵ ئاشکرای کرد کە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان عێراق، تورکیا و سووریا هەیە، کە بەپێی ئەوە دەبێت رێژەی ئاوی تێپەڕبوو لە سنووری تورکیا و سووریا لە 500 مەتری سێجا لە چرکەیەکدا کەمتر نەبێت؛ لەو بڕەش 58%ی بۆ عێراق بێت و 42%ی بۆ سووریا بێت.

لە کۆتاییدا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو جەختی کردەوە، هەرچەندە ئەم زیادبوونە یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و پلانی کشتوکاڵی، بەڵام هێشتا بڕی ئاوەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانرێت دەریاچەی حەبانیەی پێ پڕ بکرێتەوە.