پەیامنێری کوردستان24: ئاگر لە شارباژێڕ کەوتووەتەوە
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە سنووری قەزای شارباژێڕ کەوتووەتەوە و سێ بەشی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانەوە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام بوونی کێڵگەی مین و تەقینەوەی مینێک لەسەر شاخەکە بووەتە رێگر لەبەردەم کوژاندنەوەی تەواوەتیی ئاگرەکەدا.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە نزیک گوندی بایزاوا لە سنووری مۆکەبە لە قەزای شارباژێڕ ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێرە کەوتووەتەوە و بەپێی گوتەی شایەتحاڵانی ناوچەکە، بەهۆی هەورەبرووسکەوە دروستبووە؛ هاوکات نەبوونی رەشەبا لە دەڤەرەکە وەک فاکتەرێکی ئەرێنی یارمەتیدەر بووە تاوەکو ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنە نەکات بۆ باخ و پوش و پاوانی دەوروبەر.
پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هاوکاریی دڵسۆزانەی هاووڵاتییان و خێرخوازانی سنوورەکە توانیویانە سێ بەشی ئاگرەکە لە بەشەکانی خوارەوە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەشی سەرەوە و لوتکەی شاخەکە هێشتا دەسووتێت، ئەمەش بەهۆی بوونی کێڵگەی مین کە مەترسیی گەورەی لەسەر گیانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دروستکردووە، تەنانەت بەهۆی گڕی ئاگرەکەوە مینێک لەسەر چیاکە تەقیوەتەوە.
حاکم فەرهاد ساڵح، قایمقامی قەزای شارباژێڕ لە شوێنی ڕووداوەکە لە سنووری گوندی بایزاوا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە سەرەتای کەوتنەوەی ئاگرەکەوە سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانیی شارباژێڕ و سلێمانی بە هاوکاریی خێرخوازان و دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکە دەستبەکار بوون و توانیویانە لە بەشی خوارەوە و بە ئاراستەی گوندی بایزاوا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن تاوەکو تەشەنە نەکات بۆ سەر ماڵ و سامانی هاووڵاتییان.
قایمقامی شارباژێڕ پشتڕاستیکردەوە کە بەپێی شایەتحاڵەکان، کەوتنەوەی ئاگرەکە بە تەواوی بەهۆی هەورەبرووسکەوە بووە. ڕوونیشیکردەوە کە هەرچەندە ئاگرەکە بەشێکی بەرفراوانی لە پوش و پاوانی دەڤەرەکە گرتووەتەوە کە بە سەدان دۆنم دەخەمڵێندرێت، بەڵام بە هەوڵی هاوبەشی تیمەکان و خاوەن باخەکان توانراوە ڕەز و باخی ترێی هاووڵاتییان لە سووتان بپارێزرێت و زیانەکان کەم بکرێنەوە.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئاگرەکە بەرەو سنووری قەیوان و کۆلارەش، فەرهاد ساڵح ئاشکرای کرد کە بەشی سەرەوەی شاخەکە لە سەردەمی شەڕەکانی ساڵانی هەشتاییەکانەوە مینڕێژکراوە و ناوچەیەکی سەختە، ئەمەش ڕێگر بووە لەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بتوانن بچنە سەر لووتکەی چیاکە؛ هاوکات بەهۆی تاریکیی شەویشەوە نەتوانراوە سوود لە فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە وەربگیرێت، هەربۆیە تیمەکان بە داڕشتنی پلانێکی مەیدانی لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بە تەواوی ئاگرەکە لە بەشەکانی دیکەش دابمرکێننەوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە ئارام بەختیاریان راگەیاندووە، ئاگرەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە.
ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادەباشیی تەواودان و لە ناوچە سەلامەت و نزمەکان چاودێریی دۆخەکە دەکەن تا لەگەڵ هاتنەخوارەوەی بڵێسەی ئاگرەکە لە بەشە مینڕێژکراوەکان، راستەوخۆ دەست بە کوژاندنەوەی بکەن و رێگری لە زیانگەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە بگرن.