ئەمریکا سزای نوێ و توند بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن هەفتانە سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و ترەمپش جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی بەدەستەوەیە و ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بە رۆیتەرزی راگەیاند، واشنتن پلانی هەیە هەفتانە سزای لاوەکیی زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و رێوشوێنە نوێیەکانیش بە ئامانجگرتنی بانکەکان دەست پێدەکەن. بیسێنت روونیکردەوە کە ئەمریکا بە بانکەکان رادەگەیەنێت خاوەندارێتیی پارەی ئێرانی و یارمەتیدانی ئەو وڵاتە قەدەغەیە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هاوردەی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە.
لە بەرامبەردا و لە لێدوانێکی دیکەدا، ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە 'فۆکس نیوز'ـی راگەیاند، ناکرێت رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەرگیزیش نابێتە خاوەنی. روونیشیکردەوە، ئەگەر ئێران دەستی بەو چەکە بگات، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی مەترسیی لەناوچوون دەبێت و ئیسرائیل، ئەمریکا یان ئەوروپا رووبەرووی مەترسی راستەوخۆ دەبنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، پێویست بوو وڵاتەکەی دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکات چەکی ئەتۆمی دژی ئیسرائیل، وڵاتانی ناوچەکە و رەنگە دژی ئەمریکاش بەکاربهێنێت.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، ترەمپ رایگەیاند، تەنیا بە سەرکەوتن لە جەنگەکەدا، نزیکەی کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان کردووە، دووپاتیشیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە هاوکاریی وڵاتانی دیکە، سەرجەم مینەکانیان لەو گەرووەدا پاککردووەتەوە.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئێران رەنگە ببێتە سەرچاوەی بێزارکردن، بەڵام جەختیکردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە، و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا رایگەیاند، بە مەزەندەی ئەو، ئێران بەهۆی گەمارۆدانی بەندەرەکانی و گوشارە داراییەکانی ئەمریکاوە بووەتە "وڵاتێکی شکستخواردوو." دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد کە دوورگەی خارگی ئێران بە تەواوی خاپوور دەبێت و دەبێتە پاشماوە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی مەبەستەکەی یان سروشتی ئەو رووداوەنەی لە دوورگەکەدا روودەدەن بخاتە روو.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتێکدایە پەرەسەندنی سەربازیی نێوان واشنتن و تاران لە چەند کاتژمێری رابردوودا روویداوە کە بەشێکی لە دەوروبەری گەرووی هورمز بووە، ئەو گەرووەی وەک رێڕەوێکی سەرەکی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکانی نەوتی جیهان دەناسرێت، لە بەرامبەردا، ئێران رایگەیاند، وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا دەداتەوە و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.