تاڵیبان پێشنیازێکی نوێ دەخاتە بەردەم ترەمپ

تاڵیبان بۆ ترەمپ: کانزاکانی ئەفغانستان لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان

بزووتنەوەی تاڵیبان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کردنەوەی کەناڵێکی نوێی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

بزووتنەوەکە دەستپێشخەرییەکی ئابووری پێشکەش کردووە، تێیدا سامانە سروشتی و کانزاییە دەگمەنەکانی ئەفغانستان دەخاتە بەردەم کۆمپانیا ئەمریکییەکان، لە بەرامبەر ئاسانکاری لە سزاکان و ئازادکردنی ملیارەها دۆلاری بلۆککراوی ئەو وڵاتە.

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تاڵیبان، ئامادەیی کابولی نیشانداوە بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنانی ئەمریکی لە کەرتەکانی مینا، ژێرخان، کشتوکاڵ و بازرگانی.

موتەقی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەکە رایگەیاندووە: "پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان ئەفغانستان و ئەمریکا تەنیا لە دیدی جەنگی 20 ساڵەی رابردووەوە سەیر نەکرێن، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای هەلەکانی هاوکاری داهاتوو بونیاد بنرێن." هەروەها جەختی کردەوە، سیاسەتی ئابووریی حکوومەتەکەی کراوەیە.

بەگوێرەی خەمڵاندنە جیۆلۆجییەکانی پێشووی ئەمریکا، ئەفغانستان خاوەنی سامانێکی کانزاییە کە بەهای تریلیۆنێک دۆلار یان زیاتر دەبێت، لەوانەش (مس، ئاسن، لیتیۆم، کۆباڵت و زێڕ). تاڵیبان دەیەوێت ئەم سامانە وەک کارتی فشار بەکاربهێنێت بۆ راکێشانی سەرنجی ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەت کە واشنتن لە ململانێدایە لەگەڵ چین بۆ دەستکەوتنی کانزا دەگمەنەکان لە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا بەکاردێن.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە ئابی 2021، تاڵیبان گرێبەستی وەبەرهێنانی بە بڕی 7 ملیار دۆلار لەگەڵ وڵاتانی وەک چین و ئێران واژۆ کردووە. بەڵام ئێستا ئامانجی سەرەکییان شکاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گەڕاندنەوەی 9.5 ملیار دۆلاری یەدەگی بانکی ناوەندی ئەفغانستانە، نزیکەی 7 ملیار دۆلاری لە ئەمریکا بلۆک کراوە. موتەقی ئاماژەی بەوە کردووە، سزاکان نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بپێکن و کاتی ئەوە هاتووە مامەڵەیەکی نوێ بکرێت.

سەرەڕای ئەم پێشنیارە سەرنجڕاکێشە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئیدارەی ترەمپ بە وریاییەوە مامەڵە دەکات. واشنتن هێشتا نیگەرانە لە پرسەکانی وەک مافی ژنان، خوێندن، و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، تەنیا لەو کاتانەدا لەگەڵ تاڵیبان مامەڵە دەکەن کە لە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکادا بێت.

تا ئێستا نە کۆشکی سپی و نە تیمی ترەمپ بە فەرمی وەڵامی ئەم دەستپێشخەرییەی تاڵیبانیان نەداوەتەوە. شارەزایان دەڵێن؛ ئەگەرچی کانزاکان دەکرێت ببنە پردی پەیوەندی، بەڵام بە فەرمی نەناساندنی حکوومەتی تاڵیبان و بەربەستە یاساییەکان هێشتا وەک رێگرێکی گەورە لەبەردەم هەر وەبەرهێنانێکی فراوانی ئەمریکی دەمێننەوە.