کار بۆ دروستکردنی سندووقێکی تایبەت بە مووچە دەکرێت

پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدات سندووقێکی تایبەت بە ناوی سندووقی سەقامگیریی مووچە دابمەزرێنێت، ئامانج لێی پاراستنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانە لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی قەیرانە داراییەکاندا.

کەمتر لە سێ مانگ بۆ کۆتاییی ئەمساڵ ماوە، هێشتا رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق. ئەندامانی لیژنەی دارایی چەندین جۆر بیرۆکەیان بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەران ئامادە کردووە تا لە نێو یاسای بودجەدا جێگیری بکەن. ئامانجی سەرەکی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی عێراقە لە هەموو دۆخێکی نەخوازراو و قەیرانێک.

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "بیرۆکەیەک هەیە بە شێوەیەکی دیکە پارەی مووچە کۆبکرێتەوە. ئێستا وەزارەتەکان خۆیان داوای مووچە دەکەن و چەندین خەرجیی دیکەش هەن روون نین. بۆیە هەموو سەرچاوەکانی داهاتی مووچە لە یەک سندووقدا کۆدەکرێنەوە و دواتر بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش دەکرێت".

یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ پاراستنی مووچە، دامەزراندنی سندووقی سەقامگیریی مووچەیە، دەبێت وەک ماددەیەک لە نێو یاسای بودجەدا دیاری بکرێت. سەرچاوەی داهاتەکانی ئەم سندووقە لە زیادەی داهاتی نەوت، قازانجی پارەی نێو سندووقەکە، زیادکردنی باج و کەمکردنەوەی لێخۆشبوون و چەندین سەرچاوەی دیکە پێکدێت. 

عەباس جبووری، سەرۆکی دەزگای "رەفد" بۆ لێکۆڵینەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، عێراق مانگانە پێویستی بە هەشت ترلیۆن و 800 ملیار دینارە تەنیا بۆ خەرجیی مووچە. پێی وایە کۆکردنەوەی داهاتەکان لە یەک سندووقدا هەنگاوێکی باشە، بەڵام هیوادارە لە دەستی گەندەڵکاران دوور بێت و پارەی مووچەخۆران وەک سندووقی خانەنشینی بەفیڕۆ نەچێت.

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە گەورەترین زیان بە ئابووریی عێراق گەیشتووە، ئەمەش وای کردووە وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی پارەی مووچە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە.