پووتین: پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و بەیژینگ مۆدێلێکی نموونەیین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا

سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە بیشکێکی پایتەختی قیرغیزستان کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژی و بازرگانیی نێوانیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا کردەوە، هاوکات کرێملن ئاشکرای کرد کە پرسی جەنگی ئۆکرانیا تەنیا بە کورتی لە دیدارەکەدا تاوتوێ کراوە.

دووشەممە 31ی ئابی 2026، لە پەراوێزی لووتکەی ساڵانەی رێکخراوی شانگهای بۆ هاوکاری (SCO) لە بیشکێک، سەرۆکانی رووسیا و چین کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجام دا. لە دەستپێکی دیدارەکەدا، پووتین پێشوازیی لە بەردەوامیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و 25ەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی شانگهای و پەیمانی دۆستایەتی و دراوسێیەتیی نێوان مۆسکۆ و پەکینی بەرز نرخاند و وەک مۆدێلێکی نموونەیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا وەسفی کرد.

هەروەها سەرۆکانی رووسیا و چین جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان کردەوە. لە کاتێکدا مۆسکۆ پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی وڵاتەکەی بەهێزتر کردووە، پووتین بە هاوتا چینییەکەی راگەیاند: هاوکارییەکانی نێوانمان لە سەرجەم بوارەکاندا بە سەرکەوتوویی لە گەشەسەندندان، و داهێنانە دیجیتاڵییەکان، بەتایبەتی لە تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرددا، دەرفەتی نوێ لەبەردەم گەشەپێدانی ئابووریی هەردوو وڵاتدا دەکەنەوە.

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بە گەشەسەندنی بەرچاوی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان کرد و ئاشکرای کرد، ئاڵوگۆڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە رێژەی 34% بەرزبووەتەوە، هەروەها هەردوو وڵات لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی، بۆشایی ئاسمان و لۆجستی پرۆژەی گەورە جێبەجێ دەکەن، لەوانە دەستپێکردنی گەشتی بەردەوامی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە رێگەی رێڕەوی دەریایی باکوورەوە.

هاوکات پووتین پشتیوانیی مۆسکۆی بۆ دەستپێشخەریی چین بۆ دامەزراندنی رێکخراوی جیهانی بۆ هاوکاری لە ژیریی دەستکرد (AI) دووپات کردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ هەمیشەییکردنی سیستەمی گەشتی بێ ڤیزا کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەشتیاریی نێوانیانی بە رێژەی 43% زیاد کردووە.

لای خۆیەوە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین سەرنجی خستە سەر گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و زیادبوونی نادڵنیایی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، و جەختی کردەوە، گەلانی جیهان خوازیاری ئاشتی، گەشەپێدان و هاوکاریی هاوبەشن. سەرۆکی چین دووپاتیکردەوە رێکخراوی شانگهای ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەهێزکردنی گەشەی ئابووریی ناوچەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.

لە لایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) سەبارەت بە نێوەڕۆکی دانوستانەکان بە میدیاکانی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی نێوان پووتین و شی جینپینگ لە کەشێکی زۆر دۆستانە و بنیاتنەردا بەڕێوەچووە و متمانەیەکی قووڵ لە نێوان هەردوو سەرکردەدا هەیە؛ ئاشکراشی کرد، قەیرانی ئۆکرانیا و دۆسیە نێودەوڵەتییەکان تەنیا بە شێوەیەکی کورت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوەکراوە و سەرنجی سەرەکی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بووە.

ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ بۆ هاوبەشیی تەکنۆلۆژی لەگەڵ پەکین لە کاتێکدایە کە کۆشکی کرێملین لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆڕی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی ئەپڵیکەیشنە بیانییەکان چڕکردووەتەوە، و هانی هاووڵاتییانی دەدات بۆ بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی نیشتمانیی (Max) کە هاوشێوەی ئەپڵیکەیشنی (WeChat)ی چینییە؛ هەنگاوێک کە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی توندی لێگیراوە بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی پاراستنی نهێنیی بەکارهێنەران و چاودێریکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رووسیاوە.

لە هەمان کاتدا، مۆسکۆ و بەژینگ لە رێگەی بەهێزکردنی هاوکارییە پیشەسازی و دیجیتاڵییەکانیانەوە هەوڵ دەدەن رووبەڕووی گوشار و سزاکانی رۆژئاوا ببنەوە و هاوبەشییە ئابوورییەکانیان لە سێکتەرە پێشکەوتووەکانی جیهاندا بگەیەننە قۆناخێکی نوێ.