راپۆرتێک: ئەمریکا رێڕەوێکی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمز هەڵکەندووە

وێنە مانگە دەستکردەکان و زانیارییە نوێیە دەریاییەکان لە کەنداو، سەرنجی چاودێرانی سەربازییان بۆ سەر گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ژێردەریایی هێزەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز راکێشاوە؛ بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی ماڵپەڕی مۆرس ریپۆرت، واشنتن لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی کێوماڵکردنی مین و هەڵکەندنی رێڕەوی نوێی دەریاییەوە، توانیویەتی کۆسپە مەترسیدارەکانی بەردەم کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لاببات و بە تەواوی ئاسایشی گواستنەوەی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان بگێڕێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکی فەرمیدا لە زاری براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆمەوە ئاشکرای کردووە، لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا تیمە تایبەتەکانی هێزی دەریایی، سەربازییەکان، هێزەکانی سێڵ و فڕۆکە جەنگییەکان، بە بێدەنگی و بەوپەڕی وریاییەوە تەواوی ئەو مینە دەریاییانەیان پاککردووەتەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە رێڕەوە سەرەکییەکانی گەرووی هورمز چێندرابوون، و بە فەرمی سەرجەم رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانیان بە پاککراوە لە مین و کراوە بە رووی کەشتیوانیدا راگەیاند.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا پشکنین و هەڵگرتنەوەی زیاتر لە 200 تەنی گوماناوی و مینی دەریایی لەخۆگرتبوو لە رێڕەوی سەرەکیدا، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی جووڵەی تانکەرە نەوتییەکان بە رێڕەوی باشووردا روو لە هەڵکشان بکات و رۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوت بە سەلامەتی بگوازرێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە تەواوی مینەکان تەقێندراونەتەوە یان لەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەرهێنراون، هاوکات هۆشدارییەکی توندی بە سیاسەتی ''چیتر بەرگەنەگرتن'' دایە تاران لەوەی کە هەر بەلەم و کەشتییەکی ئێران هەوڵی چاندنی مینی نوێ بدات، دەستبەجێ لەناو دەبرێت.

لە لایەکی دیکەوە، وێنە مانگە دەستکردەکان کۆبوونەوەی چڕی کەشتییەکان و پرۆسەی گواستنەوەی نەوتیان لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لە نزیک ئاوەکانی عومان ئاشکرا کردووە؛ بەڵگە مەیدانییەکان دەریانخستووە کە سوپای ئەمریکا هاوتەریب لەگەڵ پاککردنەوەی مینەکان، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی قووڵکردنەوە و هەڵکەندنی نۆکەندی نوێی دەریایی ئەنجامداوە تاوەکو رێڕەوێکی سەلامەت بۆ تانکەرە گەورەکان دروست بکات بەبێ ئەوەی بکەونە ناوچە مەترسیدارەکانەوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە گواستنەوەی ئەو قەبارە گەورەیەی نەوت لە گەرووەکەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەشێک بووە لە هەوڵە ستراتیژییەکانی واشنتن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزە.

ئەم دەستکەوتە سەربازی و ئەندازیارییەی ئەمریکا لە گەرووی هورمز، وەرچەرخانێکی گەورە لە هاوکێشەی جەنگدا دروست دەکات؛ لە لایەکەوە نیشاندەری توانای سوپای ئەمریکایە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆزی ژێردەریایی لە کاتی جەنگدا، و لە لایەکی دیکەشەوە گەورەترین کارتی گوشاری ئێرانی بەسەر بازاڕی نەوت و ئابووریی جیهانەوە لەناوبردووە.

هەروەها رۆژی چواڕشەممە 19ی ئاب، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسانی باڵای سەربازیی واشنتنەوە وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییەی ئاشکرا کردبوو کە لە گەرووی هورمزدا بەڕێوەدەچێت و ئاماژەی دابوو، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوێکی پارێزراوی کەشتیوانییان لە کەناڵی باشووری گەرووی هورمز و بە درێژایی کەناراوەکانی عومان کردووەتەوە.

باسی لەوەش کردبوو، شەوانە لە نێوان 15 بۆ 20 کەشتیی نەوتهەڵگر لەو رێڕەوەوە هاتوچۆ دەکەن و نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا (کە دەکاتە نیوەی ئاستی پێش شەڕ) دەگوازنەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو تەنگژەی دابینکردنی وزەی لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمکردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردبوو، ئەم پرۆسەیە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە تەواوەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەماهەنگیی بۆ دەکرێت، و فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەردەوام بەسەر ئاسمانی گەرووەکەدا دەسووڕێنەوە تا کەشتییەکان لە هێرشی مووشەکی کرووز و درۆنەکانی ئێران بپارێزن.

هەروەها ئاماژە بەوە دربوو، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەم دواییەی سوپای ئەمریکا سیستەمەکانی چاودێری و راداری دەریایی ئێرانیان تێکشکاندووە، بە جۆرێک تاران ئێستا توانایەکی زۆر سنوورداری هەیە بۆ بینین و چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان لەو رێڕەوە پارێزراوەدا.