ترەمپ: بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیم دژ بە ئێران رەتکردووەتەوە

"ئێرانییەکان خۆشیان نازانن کێ سەرکردایەتییان دەکات"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێرانی وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو وەسف کرد و رایگەیاند، سەرکردایەتی و توانستە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەناوچوون و خۆشیان نازانن کێ سەرکردایەتییان دەکات، هاوکات هەڕەشەی لێدانی سەربازیی نوێی لە تاران کرد و دڵنیایی دا لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی، دۆناڵد ترەمپ وەڵامی پرسیارێکی دایەوە لەسەر ئەوەی کێ ئێستا بەڕێوەبردنی کاروباری ئێران و بەرەی جەنگی بەدەستەوەیە و گوتی: ئەوان لە تاران خۆشیان بە دروستی نازانن کێ سەرکردەیانە؛ زۆربەی سەرکردە سەرەکییەکانیان لەناوچوون و سوپاکەیان تەنیا بەشێکی زۆر کەم و بێکاریگەری لێ ماوەتەوە، هەربۆیە پێموایە رووبەڕووی بۆشاییەکی تەواوەتیی سەرکردایەتی بوونەتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر دۆخی دارایی و سەربازیی ئێران و رایگەیاند: ئێران دەوڵەتێکی تەواو شکستخواردووە؛ هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 350%، دراوەکەی بە تەواوی داڕماوە و توانای پێدانی مووچەی سەربازەکانی نەماوە. هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و زۆربەی سیستەمەکانی چاودێری و راداریان لەناوبراون، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە گورزیان لێ نادەین، بەڵکو لە کاتی پێویستدا بە توندی لێیان دەدەین.

دەربارەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداو و گەرووی هورمز، ترەمپ روونیکردەوە، گەرووی هورمز لە دۆخێکی زۆر نایاب و ئارامدایە و هێزەکانمان کۆنترۆڵیان کردووە؛ بە هاوکاریی هێزی دەریایی ئەمریکا، شەوانە بە تێکڕا نزیکەی 30 کەشتیی نەوتهەڵگر بە سەلامەتی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن کە ئەمە قەبارەیەکی یەکجار گەورەیە، و نەوتێکی زۆر دەگاتە بازاڕەکان و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە نرخی نەوتی جیهان وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا بەرز نەبووەتەوە.

ترەمپ وەسفی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: ئێمە چووینە ناو ڤەنزوێلا و سەرکەوتین؛ ئێستاش چووینەتە نێو جەنگی ئێرانەوە و گورزی یەکلاکەرەوە و زۆر قورسیان لێدەدەین، و سوپای ئەمریکا ئەرکەکانی بە شێوەیەکی نایاب ئەنجام دەدات.

سەبارەت بە هەڵوێستی چین بەرامبەر ئاڵۆزییە دەریاییەکان لە کەنداو، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: وەک دەیبینن، تەنانەت لە پرسی گەرووی هورمزیشدا، سەرۆکی چین هەڵوێستێکی بێدەنگ و تا رادەیەک ناچالاکی هەڵبژاردووە بە بەراورد بەوەی کە دەیتوانی بیکات. من رێزێکی زۆرم بۆ شی جینپینگ هەیە و ئەویش رێز لە من و لە وڵاتەکەمان دەگرێت؛ لە کاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی لاوازیی ئیدارەی پێشوو گاڵتەی بە ئەمریکا دەهات، بەڵام ئێستا رێز لە پێگەی دەوڵەتەکەمان دەگرێت.

لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژ بە ئێران، ترەمپ بە توندی ئەو بژاردەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند: بەڵێ، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیم دژ بە ئێران بە تەواوی رەتکردووەتەوە و هیچ هۆکارێک بۆ ئەوە لە ئارادا نییە؛ تاران لە رووی سەربازییەوە بە تەواوی تێکشکێندراوە، ئێستا کە ئێمە بەسەریاندا سەرکەوتووین، ئیتر بۆچی چەکی ئەتۆمی لە دژیان بەکاربهێنین؟

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ململانێیە بۆ سوپای ئەمریکا شەڕێکی تا رادەیەک بچووکە و جەنگێکی گەورە نییە، و واشنتن بڕێکی زۆر کەم لە کەرەستە و تەقەمەنییەکانی لە جەنگی ئێراندا بەکارهێناوە، گوتیشی: ئێمە خاوەنی بڕێکی یەکجار زۆر و بێسنوور لە چەکی کواڵیتی مامناوەند و کەرەستەی سەربازیی بەهێزین لە کۆگاکانماندا کە توانای بەرپەرچدانەوەی تەواومان پێدەبەخشن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا و روونیکردەوە کە زۆربەی بودجە و تەقەمەنییەکانی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا بۆ ئۆکرانیا رۆیشتووە، بە جۆرێک زیاتر لە 300 ملیار دۆلار چەک بە بەخۆڕایی درابووە ئەو وڵاتە، بەڵام لە سەردەمی ئەودا ئەوروپا ناچار کراوە خۆی پارەی چەک و هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا دابین بکات.