پێنج وەزیری عێراق بەنیازن دەستلەکاربکێشنەوە
ژمارەیەک لە وەزیرانی کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەمیان لە ناو دامەزراوەکان و قەبارەی گەندەڵییەکان، بیر لە دەستلەکارکێشانەوە دەکەنەوە. لە نێو ئەو وەزیرانەدا ناوی عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی دەبینرێت، کە لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام بەدواداچوونی بۆ کەموکورتییەکانی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان کردووە.
خواستی دەستلەکارکێشانەوەی ئەم وەزیرانە لە کاتێکدایە کابینەکەی زەیدی هێشتا بە تەواوی پێکنەهاتووە. زیاتر لە 4 مانگە حکوومەت بە 14 وەزیر بەڕێوەدەچێت و 9 پۆستی وەزاری بەتاڵن، لە هەمان کاتدا زەیدی دژی دانانی جێگرە بۆ خۆی، ئەوەش پێچەوانەی ئەو داواکارییەیە هێزە سیاسییەکان پێداگری لەسەر دەکەن.
پرسی وەزارەتە بەتاڵەکان تەنیا پرسێکی ئیداری نییە، بەڵکو پەیوەستە بە دۆسیەی گەورەی وەک هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەژموونی گرووپەکانی سەر بە بەرەی مقاوەمە، مەرجەکانی واشنتن، ئاییندەی حەشدی شەعبی و ئەگەری گەڕانەوەی جەنگ بۆ ناوچەکە.
دوو سەرچاوەی سیاسی، کە یەکێکیان پەرلەمانتارە، بە رۆژنامەی مەدایان گوتووە، نیگەرانییەکانی گەڕانەوەی جەنگ لە ناوچەکە کاریگەریی لەسەر گفتوگۆکانی تەواوکردنی کابینەکە داناوە، هاوکات ئەمریکا مەرجی تایبەتی بۆ هەندێک لە بەربژێرانی وەزارەتەکان هەیە.
ئەندامێکی پەرلەمان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، وەزیرەکان تووشی تۆڕی گەورەی گەندەڵی بوونەتەوە. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "کارگوزار و بچووکترین فەرمانبەری وەزارەتەکان پارە دەدزن." بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، مەبەست لەم قسەیە تۆمەتبارکردنی هەموو فەرمانبەران نەبووە، بەڵکو وەسفکردنی ئەو دۆخەیە وەزیرەکان دوای دەستبەکاربوونیان تووشی بوون.
حکوومەتی عێراق رایگەیاند، توانیویەتی بەشێک لەو پارانە بگەڕێنێتەوە کە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بە فیڕۆ درابوون. بەپێی راگەیەندراوەکانی حکوومەت، تا ئێستا زیاتر لە 1.3 ترلیۆن دینار گەڕێنراوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت کە پێکهاتووە لە پارەی نەختینە، موڵک و زێڕ، لەو چوارچێوەیەشدا هەڵمەتی پشکنین و دەستگیرکردن، نزیکەی 30 بەرپرس و پەرلەمانتاری گرتووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی هەڵمەتەکە لە حوزەیرانی رابردوو بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان لە ناوچەی سەوز دەستیپێکرد، بەڵام دوای ئەوەی هەندێک لە سەرکردە شیعەکان ناڕەزاییان لەسەر بەکارهێنانی هێزی زۆر دەربڕی، جووڵەکان خاو بوونەوە. هەروەها هەڵمەتەکە رووبەڕووی تۆمەتی هەڵبژاردەبوون بووەتەوە، چونکە بە گوتەی بەشێک لە چاودێران، نەگەیشتووەتە ئاستی سەرکردە سیاسییە باڵاکان.
سەبارەت بە دابەشکردنی وەزارەتەکان، سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکرد واشنتن ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتدا هەیە، ئەوەش پرۆسەی پڕکردنەوەی 9 پۆستە بەتاڵەکەی پەکخستووە. بە گوتەی ئەو سەرکردەیە، لە نێو ئەو ناوانەی بۆ جێگری سەرۆکوەزیران پێشنیار کراون، لەیس خەزعەلی برای قەیس خەزعەلییە، کە پێشتر لە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا بووە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت شبل زەیدی، سەرۆکی کەتائیبی ئیمام عەلی کە تازە پەیوەندی بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کردووە، داوای پشکی خۆی دەکات و ئەگەری هەیە وەزارەتی گەشتوگوزار یان وەزارەتێکی نوێ بە ناوی وەزارەتی حوکمڕانی پێ بدرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی، سەرکردەکە گوتی: گفتوگۆکان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی نوێی یاسای حەشدی شەعبی بەردەوامن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو گەرەنتییانەی حکوومەت پێشکەشی گرووپە چەکدارەکانی دەکات بەرامبەر بە رادەستکردنی چەکەکانیان. سێشەممە 1ـی ئەیلوول وەک دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی ناوی بەربژێرەکان بە پەرلەمان دیاری کرابوو، بەڵام فەهد جبووری، ئەندامی رەوتی حیکمە، جەختیکردەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و سەرجەم قسەکان تەنیا لە چوارچێوەی میدیادان.
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لە دۆسیەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی عێراق کەمترین ئاڵۆزییان هەیە و پێدەچێت دوای چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، بەربژێرانی ئەو دوو وەزارەتە بۆ وەرگرتنی متمانە ئامادە بن.
سەبارەت بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەو سەرکردەیە ئاشکرایکرد، نووری مالیکی سوورە لەسەر بەربژێرکردنی قاسم عەتا، سەرەڕای ئەوەی عەتا لە هەوڵی یەکەمیدا لە ئایاری رابردوو نەیتوانی دەنگی پێویستی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، هاوکات دۆسیەیەکی یاسایی لە بەردەم دادگادایە کە رەنگە رێگە بۆ بەربژێرکردنەوەی خۆش بکات.
سەبارەت بە وەزارەتی بەرگری، بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەگەرەکان زیاتر بۆ نایف شەمەری دەچن، بەڵام گومانەکان لەسەر ئەو ناوە بەردەوامن، چونکە ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی شەمەری بەربژێری هاوپەیمانی حەسم-ە یان بەربژێری هاوپەیمانی تەقەدووم.
لەبارەی موسەننا سامەڕایی، کە لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە دەستبەسەر کراوە، ئەو سەرکردەیە جەختیکردەوە رێککەوتنێک هەیە پشکی وەزارەتەکان بۆ هاوپەیمانییەکەی تەرخان بکرێت.
ئەم جموجووڵانە لەکاتێکدایە پێویست بوو پرسی تەواوکردنی کابینە لانی کەم دوو مانگ پێش ئێستا کۆتایی پێ بهاتایە. پێشتر فیراس موسەلاوی، ئەندامی هاوپەێمانی سوودانی رایگەیاندبوو، چوارچێوەی هەماهەنگی کارەکانی خۆی نزیکەی تەواوکردووە و بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی حکوومەت ئامادەیە.
سەرەڕای ئەوە، وادە دیاریکراوەکان تێپەڕین و هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوە نەچوو. موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر بە رۆژنامەکەی راگەیاند، وادەی زۆر بۆ تەواوکردنی حکوومەت دانراوە، بەڵام هیچ کامیان نەهاتنە دی.
مووسەوی گوتیشی: سێشەممە 1ـی ئەیلوول دوایین وادە بوو بۆ پێشکەشکردنی ناوی بەربژێران بۆ پەرلەمان، بەڵام هیچ جووڵەیەکی کردەیی لەو رووەوە بەدی ناکرێت.