لە عێراق بەهۆی خراپیی کارەباوە هاووڵاتییان داوای گۆڕینی ناوی وەزارەتی کارەبا دەکەن

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەرووی 50 پلەی سەدی، قەیرانی کارەبا لە عێراق دووبارە ناڕەزایەتییەکانی شەقامی لێدەکەوێتەوە. هاووڵاتییانی عێراقی لە رێگەی کوردستان24ـەوە هێرشی توند دەکەنە سەر حکوومەت و وەزارەتی کارەبا و داوا دەکەن ناوی وەزارەتەکە بگۆڕدرێت، چونکە وەک ئەوان دەڵێن: "ئەوەی هەیە تەنیا ناوی وەزارەتە و کارەبای نیشتمانی بووەتە خەون."

هاووڵاتییەکی عێراقی بە تووڕەیییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "باشتر وایە ناوی وەزارەتی کارەبای عێراق بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی موەلیدە، چونکە لە راستیدا تەنیا موەلیدەمان هەیە. چوار کاتژمێر جارێک تەنیا یەک کاتژمێر کارەبای نیشتمانیمان هەیە، ئەویش هێندە دەکوژێتەوە و دێتەوە، یاری بە ئامێرەکانمان دەکات؛ بەفرگر و تەلەفزیۆنەکانمان سووتاون."

سەبارەت بە نرخی موەلیدە ئەهلییەکانیش، ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بە گەندەڵی و بێسەروبەریی بازاڕ کرد و گوتی: "پارێزگای بەغدا دەڵێت، نرخی ئەمپێرێک 8 هەزار دینارە، بەڵام خاوەن موەلیدەکان لەسەری مانگدا 10 بۆ 15 هەزارمان لێ وەردەگرن و گوێ بە کەس نادەن. ئەگەر حکوومەت ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات، بۆچی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست؟ ئەمە دەرەنجامی گەندەڵی حکوومەتەکانی پێشووە کە هیچ هەستێکی بەرپرسیارێتییان نەبووە."

هاووڵاتییەکی دیکە باس لەوە دەکات، تاکی عێراقی بووەتە قوربانیی ململانێی نێوان حکوومەت و خاوەن موەلیدەکان. ئەو دەڵێت: "درەنگانی شەو خاوەن موەلیدەکان رێککەوتن و کارەبایان کوژاندەوە؛ ئەوان کێشەیان لەگەڵ حکوومەت هەیە، بۆچی دەبێت خێزانی عێراقی باجەکەی بدات؟ تا کەی دەبێت ژیانمان تەنیا بەستراو بێت بە موەلیدەی ئەهلییەوە؟"

لە بەرامبەردا، هەندێک لە هاووڵاتییان هۆکاری کوژاندنەوەی موەلیدەکان بۆ دابیننەکردنی سووتەمەنی گاز لەلایەن حکوومەتەوە دەگەڕێننەوە. هاووڵاتییەک ئاماژەی بەوە دا: "ئەوە یەک هەفتەیە حکوومەت گاز نادات بە موەلیدەکان، ئەوانیش ناچارن دەیکوژێننەوە. لەم گەرمایەدا کەسانی نەخۆش، بەتەمەن و منداڵمان هەیە، کێ بەرپرسیاریەتی گیانی ئەوان هەڵدەگرێت؟"

پێشتر ئەحمەد تورکی جیاد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 25 هەزار مێگاوات، بەڵام دانی بەوەدا ناوە پێداویستی راستەقینەی عێراق لە وەرزی گەرمادا لە نێوان 55 بۆ 60 هەزار مێگاواتدایە. ئەمەش واتە عێراق تەنیا نزیکەی 40٪ـی پێداویستییەکانی دابین دەکات.

کێشە سەرەکییەکانی کەرتی کارەبا لە عێراق، بەگوێرەی راپۆرتە تەکنیکییەکان، زیاتر لە 55٪ـی ئەو کارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتی گواستنەوە و دابەشکردندا بەهۆی کۆنیی تۆڕەکان و سەرپێچی سەر تۆڕەکان بەفیڕۆ دەچێت.

هەروا لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا، عێراق نزیکەی 80 ملیار دۆلاری لە کەرتی کارەبادا خەرج کردووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکات، ئەمەش بۆ گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردن دەگەڕێتەوە، هەروەها عێراق بۆ کارپێکردنی 70٪ـی وێستگەکانی، پشت بە گازی هاوردەکراو لە ئێران دەبەستێت. هەر کێشەیەک لە هەناردەی گازی ئێران یان تێکچوونی کەشوهەوا، یەکسەر دەبێتە هۆی کوژانەوەی گشتی لە عێراق، هەرچەندە باس لە بەستنەوەی کارەبای کەنداو و سعوودیە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان، بەڵام ئەو بڕە کارەبایەی بڕیارە هاوردە بکرێت (نزیکەی هەزار بۆ دوو هەزار مێگاوات)، تەنیا 3٪ بۆ 6٪ـی ئەو کورتهێنانە گەورەیە پڕ دەکاتەوە کە لە عێراقدا هەیە.

لە کۆتاییدا، قەیرانی کارەبا لە عێراق تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە ململانێی سیاسی، گەندەڵی دارایی و شکستی ئیداری کە راستەوخۆ ژیانی 40 ملیۆن هاووڵاتی لە یەکێک لە گەرمترین ناوچەکانی جیهان خستووەتە مەترسییەوە.