بۆ پرسی بودجە شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراق، ئەمشەو دەگاتە بەغدا و بڕیارە سبەی لەگەڵ بەرپرسانی دارایی فیدراڵ کۆببێتەوە.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026،بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بڕیارە سبەی شاندی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بەغدا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە داڕشتنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027دا بکات. 

ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی بەغدا بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە؛ پێشتریش حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی وەزیران تا کۆتایی مانگی ئەیلوول پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 پەسەند دەکات و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەکات، هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵ نزیکەی مانگێکە سەرقاڵی نووسینەوەی رەشنووسەکەیە.

لە بەشێکی دیکەی ئامادەکارییەکانی بودجەی ساڵی 2027دا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراق لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە داوای لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکان کردووە کە ناوی سەرجەم خاوەن گرێبەستە رۆژانەکانیان بۆ ڕەوانە بکەن، ئەمەش بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆسیەکانیان تاوەکو بکرێن بە گرێبەستی مانگانە و لەناو یاسای بودجەی ساڵی 2027دا شایستە دارایییەکانیان جێگیر بکرێت.