هاتووچۆی عێراق پەیمانگەیەکی تایبەت بە مەشقی شۆفێری دادەمەزرێنێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق کار بۆ دامەزراندنی پەیمانگەیەکی پسپۆڕ بۆ فێرکردن و راهێنانی شۆفێری دەکات، گوتەبێژی هاتووچۆش بۆ کوردستان24 رایدەگەیەنێت، پەیمانگەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بە بەشی تۆمارەوە دەبەسترێتەوە.
عەقید حەیدەر شاکر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشنیازێک بۆ دامەزراندنی پەیمانگەیەکی پسپۆڕ بە فێرکردن و راهێنانی شۆفێری هەیە کە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پێشنیازە لە ناو هەمواری یاسای نوێی هاتووچۆدا جێگیر کراوە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز کراوەتەوە.
گوتەبێژی هاتووچۆ روونیکردەوە، پەیمانگەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بە بەشی تۆمارکردنەوە دەبەسترێتەوە، ئەوەش بە ئامانجی پەرەپێدانی ئاستی شۆفێران و بەرزکردنەوەی کارایی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری. گوتیشی، ئارەزوومەندانی فێربوونی شۆفێری لەو پەیمانگەیە راهێنانی پراکتیکی دەکەن و شارەزا و پسپۆڕانی هاتووچۆ وانەی پراکتیکی و مەشقی شۆفێرییان پێ دەڵێنەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی نووسینگەکانی فێرکردن و مەشقی تایبەت بە شۆفێری، عەقید حەیدەر شاکر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا قسە لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەرێکی گونجاو و میکانیزمێکی نوێ بۆ کارکردنیان دیاری دەکرێت.
ئێستا نزیکەی 700 نووسینگەی مەشق و راهێنانی شۆفێری لە سەرتاسەری عێراق هەن، هەروەها لە نزیکەی 30 شار و شارۆچکەی عێراق هاووڵاتییان دەتوانن مۆڵەتی شۆفێری دەربێنن.