فالح ساری: پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان شاندە داراییەکانی هەولێر و بەغدادا بە سەرپەرشتی وەزیری دارایی فیدراڵ، گفتوگۆی ئەرێنی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 کرا و بەڵێن درا کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە پرۆژەیاساکەدا چارە بکرێت.
پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دارایی حکوومەتی عێراق بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ، دوای سێ کاتژمێر بەردەوامی کۆتایی هات. لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی ئەرێنی و بنیاتنەر لە بارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 ئەنجام درا.
ئەندامێکی شاندەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاندووە: لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی فیدراڵ بەڵێنی داوە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا، هەوڵ بدەن چارەنووسی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەستانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەکلا بکەنەوە و بکرێنە هەمیشەیی.
ئەو ئەندامەی شاندەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پڕۆژەیاسای نوێی بودجە بڕگەی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدایە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.
کوردستان24 زانیویەتی هەفتەی داهاتوو دەست بە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 دەکرێت بۆ ئەوەی تاوەکوو 15ـی ئەم مانگە ئامادە بکرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بکرێت.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ماوەی یەک مانگی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانی پڕۆژەیاساکە کۆتایی پێبهێنێت، تا دوای پەسەندکردنی، دەبێت لە مانگی 10 رەوانەی پەرلەمانی بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی تایبەت بە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق، گەیشتە بەغدا.
پێشتریش حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی وەزیران تا کۆتایی مانگی ئەیلوول پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 پەسەند دەکات و رەوانەی پەرلەمانی دەکات، هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵ نزیکەی مانگێکە سەرقاڵی نووسینەوەی رەشنووسەکەیە.