کلیمێنس زێمتنەر: کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراق لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیشە

کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24 کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، زنجیرەیەک هەڵوێستی گرنگی یەکێتیی ئەوروپای دەربارەی دۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا خستەڕوو.

خۆشەویستی بۆ هەولێر و ئاڵنگارییەکانی بەغدا

لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا خۆشەویستیی خۆی بۆ شاری هەولێر و خەڵکەکەی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا بووە لە هەولێر. سەبارەت بە دۆخی سیاسیی بەغدا، گوتی: سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە و ئێمەش لە یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدەین لە ئەرکەکەیدا پشتیوانی بکەین.

کاریگەرییەکانی جەنگ و دۆخی ناوچەکە
زێمتنەر جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، و گوتی "دەمانەوێت لەم بارودۆخە سەختەدا هاوکاری عێراق بکەین چونکە تووشی گرفتی ئابووری و دارایی بووەتەوە. لە دەستپێکی ئەم جەنگەوە، یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندی بە عێراق و وڵاتانی کەنداوەوە کردووە بۆ راوێژکردن، و هەمیشە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بەکارهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، چونکە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەشێک نین لەم جەنگە."

زیاتر گوتی"به‌ توندی داوامان لە ئێران کردووە هێرش نەکاتە سەر ئەو وڵاتە دەوروبەرانەی کە بەشێک نین لە جەنگەکە. هەروەها ئەگەر ئێران بە تەواوی گەروی هورمز بەڕێوەببات، وەک یەکێتیی ئەوروپا ئامادەییمان هەیە مینەکان هەڵگرینەوە." روونیشیکردەوە کە تاوەکو ئێستا دەستپێشخەرییەکان ئەنجامیان نەبووە و لە رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکاشدا تەنیا چەند خاڵێکی کەم جێبەجێ کراون.

کۆنترۆڵکردنی چەک و مەترسییەکانی داعش

سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی عێراق، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا گوتی "ئێمە پشتیوانی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکوومەتەکەی دەکەین لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکاندا، چونکە ناکرێت ئەو هەموو گرووپە هەبن و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا نەبن. بە بەغدامان گوتووە ئەگەر ئارەزوو بکەن دەتوانین هاوکارتان بین لە کۆنترۆڵکردنی چەک، بەڵام تاوەکو ئێستا داوای هاوکارییان لە ئێمە نەکردووە، بەڵام بە وریاییەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەین."

هەروەها جەختی کردەوە "کاتێک هێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەخێرایی و بەتەواوی ئەو هێرشانەمان سەرکۆنە کرد؛ هەڵوێستمان روونە و ئەو هێرشانە قبوڵنەکراون، پێمانوایە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیشدا دەبێت."

لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئاسایشی ناوچەکە، زێمتنەر ئاماژەی بەوە دا کە جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە دەبینرێت و گوتیشی"داعش تاوەکو ئێستاش هەڕەشەیە، ئەگەر بارودۆخی سووریاش سەقامگیر نەبێت، خۆی رێکدەخاتەوە. ژمارەیەک پرسی هەڵپەسێردراو لە عێراق هەن کە چارەسەر نەکراون و یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە پشتیوانی هەوڵەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنیان."

گۆڕانی کەشوهەوا و چاکسازیی ئابووری

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا باسی لە هاوکارییە بەردەوامەکانیان بۆ عێراق کرد، بەتایبەتی لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و دروستکردنی باڵەخانەی گونجاو کە بەرگەی گەرما بگرن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پشتبەستنی بەردەوامی عێراق بە نەوت ئاڵنگاریی گەورەیە و دەبێت داهاتەکانی فرەچەشن بکات.

ئاشکراشی کرد "عێراق 60٪ی داهاتەکەی لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خەرج دەکات، بۆیە پێویستە خەڵکی زیاتر لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن و هەلیکاری زیاتر بڕەخسێنرێت، هاوکات دەبێت ژمارەیەک بازرگانیی بچووک، مامناوەند و گەورە لە عێراق هەبن تاوەکو هاووڵاتییان تێیاندا کاربکەن."

سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی هەرێمی کوردستان

لەنێو ئاخاوتنەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەیەک پرس لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا چارەسەر نەکراون و دەبێت چارەسەر بکرێن. گوتیشی "لە رابردوودا گفتوگۆ کراوە لەبارەی ئەوەی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق ببنە خاوەنی هەرێمی تایبەت بە خۆیان، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون. ئەگەر پێکهاتەیەکی فیدراڵیت بوێت، دەبێت ژمارەیەک هەرێمت هەبێت و ئەوە رێگایەکی تەندروستە."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، زێمتنەر ئاماژەی بەوە دا "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەو پرسانەی لەگەڵ عێراق هەیەتی، ئەرکی ئێمە ناوەندگیری نییە لەنێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکو ئەرکی یۆنامی بوو، بەڵام لەسەر داوای عێراق ئەرکی یۆنامی کۆتایی هات، بەڵام لە هەموو گفتوگۆکانماندا جەختامان کردووەتەوە کە دەبێت رێز لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت لەلایەن بەغداوە."

دەربارەی رۆڵی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوە کرد "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسەکان هاوکار بووە، هەروەها لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکان، من ستایشی ئەو هەوڵانەی دەکەم و پێزانینم بۆی هەیە."

هەروەها باڵیۆز ستایشی تایبەتی پێشکەشکاری بەرنامەکە، ژینۆ محەممەدی کرد بۆ ئاراستەکردنی پرسیاری باش و وەک رۆژنامەنووسێکی بەتوانا و پرۆفێشناڵ وەسفی کرد.

بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆچی نایاسایی

سەبارەت بە دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، زێمتنەر رایگەیاند "لە وڵاتانی ئەوروپا هەر کەسێک مافی مانەوەی نەبێت دەگەڕێندرێتەوە وڵاتەکەی، ئامانجمان ئەوەیە ئەو گەنجانەی ژیانی خۆیان دەخەنە دەست قاچاخچییان فریو نەخۆن و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە، پێویستە ئەو گەنجانە بەدوای ڕێگەی یاسایی، خوێندن و راهێناندا بگەڕێن."

پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان

لە وەڵامی کۆتا پرسیاری بەرنامەکەدا، کلیمێنس زێمتنەر رایگەیاند "یەکێتیی ئەوروپا کار لەگەڵ عێراق دەکات و پرۆژەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام زۆربەی پرۆژەکانمان لە هەرێمی کوردستان بوون، ئێمە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی زۆر باش دەبینین لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانماندا. هەروەها عێراق دەستووری هەیە و لە دەستووردا دان بە هەرێمی کوردستاندا نراوە و هیچ گۆڕانکارییەکیش بەسەر ئەوەدا نەهاتووە."