تورکیا ناوی مەزڵووم عەبدی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا
میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کردووە، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ناوی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هەسەدە، لە لیستی تیرۆر سڕیوەتەوە، ئەمەش پاش دیاریکردنی وەک راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا دێت.
پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، تورکیا بڕیارێکی گرنگی لەبارەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەرکرد، کە بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە "لیستی تیرۆر"ـی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بوو، بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ناوی عەبدی لەو لیستەدا سڕاوەتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، بڕیاری سڕینەوەی ناوی مەزڵووم عەبدی لەو لیستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دوای ئەوە دێت کە عەبدی لە لایەن حکوومەتی سووریاوە وەک راوێژکاری سەرۆککۆمار دەستنیشان کرا.
ئەم پێشهاتە، هاوشێوەی دۆسیەی سیپان حەمۆیە، کە پێشتر بە هەمان پرۆسەدا تێپەڕی؛ ئەویش ئێستا پۆستێکی باڵای لە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریادا وەرگرتووە و لە دوای ئەو بڕیارەش ناوی لە لیستی تیرۆری تورکیا لادرا.
تاوەکوو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لەبارەی سڕینەوەی ناوی مەزڵووم عەبدی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لە چوارچێوەی هاوسەنگییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئەو پرۆسە دیپلۆماسییەی لەگەڵ سووریای نوێدا بەڕێوە دەچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند.
هەروەها لە رۆژی 28ـی ئابی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 164ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد، کە تێیدا موستەفا خەلیل عەبدی ناسراو بە (مەزڵووم عەبدی) وەک راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری وڵاتەکەدا دەستنیشان کرا.