عێراق و سووریا پەیوەندییە بازرگانییەکانیان فراوان دەکەن

عێراق و سووریا، رێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و فراوانکردنی هەناردەی عێراق بۆ بازاڕەکانی سووریایان تاوتوێکرد.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی ئاسایی 118ـی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمکاری عەرەبی، مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی لەگەڵ محەمەد نیدال شەعار، وەزیری ئابووری و پیشەسازی سووریا کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوو لایەن پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان عێراق و سووریایان خستە بەرباس، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی رێگاکانی پەرەپێدانی هاریکارییەکان و بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرا.

وەزارەتی بازرگانی روونیکردەوە، بەشێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ فراوانکردنی هەناردەی عێراق بۆ بازاڕی سووریا، بەتایبەت هەناردەکردنی چیمەنتۆ و قیر، ئامانج لەم هەنگاوە، بەشداریکردنە لە گەشەپێدانی جووڵەی بازرگانی و کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ کەرتی تایبەت لە هەردوو وڵات.

وەزارەتەکە جەختیکردەوە، پێویستە بەربەستەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی لاببرێن تا زۆرترین سوود لە دەرفەت و تواناکانی بەردەست وەربگیرێت. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناساندنی زیاتری بەرهەمە نیشتمانییەکان لەو بازاڕانە دێت.