غوڵامحوسێن موحسینی: رێکارە یاساییەکانی بازرگانانی ئێران و هیندستان خێرا دەکرێن
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لە پشتگیریی دادوەری بۆ چالاکانی ئابووری کردەوە و رایگەیاند، دەزگاکەیان ئامادەیە کارئاسانی و خێرایی لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیە یاسایی و مافپەروەرییەکانی ئەو بازرگانە ئێرانی و هیندییانەدا بکات کە چالاکی هاوبەشیان هەیە.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، غوڵامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لە درێژەی بەرنامەکانی سەردانەکەیدا بۆ نیودەلهی بە ئامانجی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی برێکس، لەگەڵ کۆمەڵێک لە بازرگانان و چالاکانی ئابووری ئێران و هیندستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "دەبێت هەوڵبدەین هیچ کۆسپێک لەبەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییە دارایی و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات نەمێنێت، ئەگەر گرفتێکیش هاتە پێش، بە هەوڵ و هاوکاری یەکتری چارەسەری بکەین."
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەی بە تێرۆریزمی ئابووری ئەمریکا دژ بە گەلی ئێران کرد و گوتی: "بەشێکی بەرچاو لەو کێشانەی دێنە بەردەم بازرگانان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، سەرچاوەکەی بۆ خراپەکارییەکانی خۆ بەگەورەزانی جیهانی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە تێرۆریزمی ئابوورییان گرتووەتەبەر." جەختیشی کردەوە، ئێران و هیندستان دەتوانن بە هاوکاری چالاکانی ئابووری، بەسەر ئەم کۆسپانەدا زاڵ بن.
غوڵامحوسێن موحسینی باسی لەوەش کرد، دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی دۆسیە یاساییەکان زیانێکی گەورە بە بازرگانان دەگەیەنێت، چونکە ئەوان پابەندی داراییان هەیە و هەر وەستانێک زیانی قورسیان پێدەگەیەنێت، بۆیە لە ئێران تیشک خراوەتە سەر خێراکردنی پرۆسەی دادگاییکردن لە دۆسیە ئابوورییەکاندا، هەروەها داوای لە بازرگانان کرد ئەگەر تێبینییەکیان لەسەر خەرجییەکانی دادگاییکردن یان بوونی یاسایەک هەیە کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و دواکەوتن، پێشنیارەکانیان پێشکەشبکەن بۆ ئەوەی رێکاری پێویستیان بۆ بگیرێتەبەر.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزی ئێران لە هیندستان رایگەیاند، ئامادەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەرفەتێکی باشە بۆ بیستنی دەنگی بازرگانان و هاوکاریکردنیان، هەروەها نوێنەری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران رایگەیاند، ئەوان ئامادەن لە هەر بارودۆخێکدا نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی هیندستان دابینبکەن.
لە کۆتاییدا، موحسینی ئەژەیی جەختی لەوە کردەوە، ئاسایش بنەمای هەر چالاکییەکی ئابوورییە و داوای لە بازرگانان کرد لە کێبڕکێی ناتەندروست دووربکەونەوە تاوەکو تووشی کێشەی یاسایی و دارایی نەبن و زیان بە ئابووری گشتی نەگات.