واشنتن هەژموونی چین لە کەرتی نەوتی ڤێنیزوێلا لاواز دەکات

ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، چین بەهۆی کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوتی ڤێنیزوێلا  لەلایەن واشنتنەوە، رووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی ملیاران دۆلار بووەتەوە، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو قەرزانە دروست دەکات کە چین بە ڤێنیزوێلای داوە و رکابەریی نێوان هەردوو وڵاتیش زیاتر دەکات.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکەی بلۆمبێرگ، ئیدارەی ترەمپ دوای راگەیاندنی پلانەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە 65 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوی ڤێنیزوێلا، ئێستا هەنگاو بەرەو قۆناخێکی بەرفراوانتر دەنێت کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی هەژموونی چینە لە کەرتی وزەدا.

واشنتن رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەهێزکردنی باڵادەستیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و دڵنیابوون لەوەی جارێکی دیکە ئەو هەژموونە ناکۆکی لەسەر دروست نەبێت.

یەکێک لە دەرئەنجامە دیارەکانی ئەم جووڵەیەی ئەمریکا، پەیوەستە بە داهاتووی قەرزەکانی ڤێنیزوێلا بۆ چین، لە چەند ساڵی رابردوودا چین دەیان ملیار دۆلاری لە شێوەی قەرزی پەیوەست بە نەوت بە ڤێنیزوێلا  داوە و بارەکانی نەوتی خاوی ئەو وڵاتەشی وەک میکانیزمێک بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە بەکارهێناوە.

پێشبینییە نوێیەکان دەریدەخەن، ڤێنیزوێلا هێشتا نزیکەی 10 بۆ 15 ملیار دۆلار قەرزاری چینە، هەرچەندە قەبارەی مێژوویی قەرزەکانی چین بۆ ڤێنیزوێلا لە 60 ملیار دۆلار تێپەڕیبوو، بەڵام کۆنترۆڵکردنی زیاتری واشنتن بەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتەکانی، توانای چین بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی بەو شێوازەی پێشوو ئاڵۆز دەکات.

ئەم پرسە کاتێک هەستیارتر دەبێت کە کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، چین هیچ مافێکی لەسەر ئەو داهاتانە نابێت کە لە بەرهەمهێنانی نەوتی ڤێنیزوێلا  بەدەستدێن. ئەم لێدوانەش گومانی لەبارەی پێشینەی قەرزدەران و مافەکانیان لە داهاتە نەوتییەکانی داهاتوو زیاتر کردووە.

کێشەکە تەنیا نەوت و قەرزەکان نییە، بەڵکو واشنتن هەوڵدەدات کۆمپانیا چینی و رووسییەکان لە کەرتی وزەی ڤێنیزوێلا  دووربخاتەوە. لە بەرامبەردا، رەنگە چین قەرز و مافە گرێبەستییەکانی بە کارتی گفتوگۆی گرنگ بۆ هەر رێککەوتنێکی نوێ بزانێت.

ڤێنیزوێلا  ئێستا رووبەڕووی کۆی گشتیی پابەندبوونێکی دارایی زۆر بووەتەوە کە رەنگە بگاتە نزیکەی 200 ملیار دۆلار. ئەم دۆخە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی قەرزەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە دەکاتە ململانێیەکی ئاڵۆز لەنێوان حکوومەت و قەرزدەران، کە چین و خاوەن سەنەدەکانی دارایی لە ریزبەندی یەکەمی قەرزدەراندان.