پێنج وڵاتی ئەوروپا سەنتەری دەرەکی بۆ دیپۆرتکردنی پەنابەران دروست دەکەن
پێنج وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریان دا، تا کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتننامەیەک لەگەڵ وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتییەکە واژۆ بکەن، بە مەبەستی دروستکردنی سەنتەری دەرەکی بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان نییە.
هەینی 4ی ئەیلوولی 2026، ئەڵمانیا، نەمسا، یۆنان، دانیمارک و هۆڵەندا ئەو پێنج وڵاتەی ناسراو بە "کۆمەڵەی پێنج" لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بەڕێوەچوو، بڕیاریان دا هەنگاوی کردەیی بۆ رێککەوتن لەگەڵ وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بنێن بۆ دروستکردنی سەنتەری تایبەت لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەی یاسایییان نییە رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێنەوە.
هەرچەندە تا ئێستا ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا نەکراوە کە بۆ میوانداریکردنی ئەو سەنتەرانە پێشنیاز کراون، بەڵام ئەلێکساندەر دووبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیانە تا کۆتایی ئەمساڵ گەیشتن بە رێککەوتنی پێویست بۆ دروستکردنی ئەو سەنتەرانە مسۆگەر بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، مۆرتن بۆدسکۆڤ، وەزیری کۆچ و تێکەڵبوونی دانیمارک ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی پێشبینی دەکات تا کۆتایی ساڵی 2027 ئامادە بێت بۆ ناردنی پەنابەران بۆ ئەو سەنتەرانە.
ئەو پێنج وڵاتە بڕیاریان داوە لە قۆناخەکانی داهاتوودا لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راوێژ بکەن، بەڵام کۆمیسیۆنی پەنابەران رایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی ئەو پێشنیازەوە پێنەگەیشتووە و ناتوانن بۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتەکە دەرببڕن.
ئەم بڕیارەی وڵاتانی ئەورووپا لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی حوزەیراندا چاکسازییەکی گشتگیری لە سیاسەتی کۆچبەراندا پەسەند کرد، کە رێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدات سەنتەری دەرەوەی سنوور دروست بکەن بۆ خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە. ئەم هەنگاوە نیگەرانیی رێکخراوە مافی مرۆیییەکانی لێکەوتووەتەوە؛ ئەنجوومەنی ئەوروپا هۆشداری داوە کە ئەو جۆرە سەنتەرانە مەترسیی گەورەیان بۆ سەر مافی مرۆڤ هەیە، هاوکات ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران پێشنیازی کردووە لەبری ئەو کارە، پەیماننامەی نوێی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆچ و پەنابەری لەسەر سنوورەکان بە توندی جێبەجێ بکرێت.