راپۆرتێک: سەردانەکەی بەڕێوەبەری CIA بۆ مۆسکۆ نەیتوانی هەڵوێستی کرێملن بەرامبەر جەنگ بگۆڕێت
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکی بەرفراواندا ئاشکرای کرد کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە لاوازبوونی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا، هەڵمەتێکی چڕی بۆردوومانی دەستپێکردووە تاوەکو پێش هاتنی وەرزی زستان کیێڤ ناچار بکات دەستبەرداری تەواوی ناوچەی دۆنباس بێت، هاوکات سەردانە نهێنییەکەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) بۆ مۆسکۆ هیچ ئەنجامێکی نەبووە و پووتین وەک نیشانەی لاوازی سەیری کردووە.
لە ماوەی ئەو دە رۆژەی دوای سەردانە چاوەڕواننەکراوەکەی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بۆ مۆسکۆ، هێزەکانی رووسیا هەڵمەتی مووشەکی و درۆنە پێشکەوتووەکانیان چەند هێندە زیاد کردووە و بە تەواوی ژێرخانی مەدەنی لەوانە تۆڕەکانی کارەبا، دابینکردنی ئاو، سوپەرمارکێتەکان و کۆگاکانی خۆراکیان لە ئۆکراینا کردووەتە ئامانج.
لە کاتێکدا کە بڕیارە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی سەردانی مۆسکۆ و کیێڤ بکەن، ئەمڕۆ درۆنێکی رووسی بارەگای سەرەکیی دەزگای ئاسایشی ئۆکراینای کردە ئامانج، کە ئەندرێ سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئەم لێدانەی بە "پەرەسەندنێکی زۆر گەورە و مەترسیدار" ناوبرد.
سەرەڕای ئەوەی ئابووریی رووسیا رووی لە داڕمانە و ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان زیادیان کردووە، پووتین لەم هەفتەیەدا متمانەی خۆی بە سەرکەوتن لە جەنگدا دەربڕی و بە رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی گوت: "هیچ گومانم نییە لەوەی کە دووژمن تێکدەشکێت و هەڵدەوەشێتەوە." ئەم لێدوانانە ئەو هەڵسەنگاندنانەی پشتڕاستکردەوە کە سەردانەکەی راتکلیف نەک نەیتوانیوە سەرۆکی رووسیا رازی بکات بە راگرتنی جەنگ ، بەڵکو پێداگریی ئەوی زیاتر کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاگربەست و فشارخستنە سەر ئۆکراینا تا سازش لەسەر خاکەکەی بکات.
بەپێی زانیاریی سێ سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان، راتکلیف لە مۆسکۆ هۆشداریی دابووە هاوتا هەواڵگرییەکانی رووسیا کە پەرەپێدانی جەنگ بە زیانی خۆیان دەشکێتەوە و پێگەی رووسیا لاوازە و لە ماوەی شەش بۆ دوازدە مانگی داهاتوودا زۆر خراپتر دەبێت، بۆیە کاتی گەڕانەوەیە بۆ دانوستان، بەڵام دوای دیدارەکان راتکلیف درکی بەوە کردووە کە پەیامەکەی گەیاندووە بەڵام نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی رووسیادا دروست بکات.
سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، رووسیا سەردانەکەی وەک هەوڵێک بۆ رازیکردنی پووتین بینیوە بە راگرتنی جەنگ، بەڵام پووتین وەک نیشانەی لاوازیی ئەمریکا لێکی داوەتەوە؛ وەڵامی پووتین بۆ سەردانەکە لە رێگەی بۆردوومانی شەو و رۆژی بێپچڕان لە ئۆکراینا و لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئەمنیی قیرغیزستان دەرکەوت، کە تێیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و بەڵێنی پاڵپشتیی تەواوی مۆسکۆی بۆ تاران لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە.
بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوا روونی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی راتکلیف ئەوە بووە بە رووسیا بڵێن کە ئەگەر ئامانجیان لە دانوستان وەرگرتنی تەواوی دۆنباس بێت لە ئۆکراینا، ئەوا هەرگیز روونادات و بەردەوامبوون لەم جەنگە لە بەرژەوەندیی مۆسکۆدا نییە.
لە رووی سەربازییەوە، پێشڕەوییەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا تا رادەیەکی زۆر وەستاون و بودجەی وڵاتەکە تووشی تەنگژەی گەورە بووە، بە جۆرێک کورتهێنانی بودجە تا کۆتایی مانگی تەممووز گەیشتووەتە 74.4 ملیار دۆلار کە دەکاتە 2.8%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و زۆر زیاترە لە پێشبینیی فەرمیی 1.6%ـی حکوومەت بۆ ئەمساڵ.
دڵەڕاوکێی دارایی وایکردووە هاووڵاتییانی رووسیا ملیاران دۆلار لە بانکەکان بکێشنەوە و قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکان لە بەرزبوونەوەدایە دوای ئەوەی حکوومەت قەرزی زۆری دابووە کارگەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمی سەربازی، تەنانەت ژمارەیەک لە دەستەبژێری دەسەڵاتداری رووسیا بە ئاشکرا هۆشدارییان لە درێژەکێشانی جەنگ داوە.
راتکلیف ئەم دیدگایەی خۆی گەیاندبووە ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (FSB) کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە بەهێزەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی پووتین و پێشتر رۆڵی سەرەکیی لە ئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان واشنتن و مۆسکۆدا هەبووە.
تاتیانا ستانۆڤایا، توێژەری باڵا لە سەنتەری کارنێگی رایگەیاند، پووتین بە تەواوی بڕوای وایە لە جەنگەکەدا سەردەکەوێت و پێیوایە لە کۆتاییدا ئۆکراینا تێکدەشکێت و رووسیا ناچار نابێت جەنگ بکات، بۆیە کۆنترۆڵکردنی تەواوی دۆنباس کەمترین مەرجی سەرەتایییە بۆ هەر دانوستانێکی داهاتوو و گەڕانەوە لەم مەرجە زۆر ئەستەمە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکاوە یارمەتیدەری پووتین بووە تا بڕوای وابێت دەتوانێت لە جەنگی پشوودرێژیدا خۆڕاگر بێت؛ بەرپرسێکی بازرگانی لە مۆسکۆ ئاشکرای کرد، بۆچوونێک لەناو کرێملن هەیە کە چەند مانگێکی دیکەی جەنگ گرفت بۆ رووسیا دروست ناکات، بەڵام بۆ ئۆکراینا کارەساتە.
لە کیێڤ، بەهۆی تەواوبوونی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت و بۆردوومانی تۆڕەکانی کارەبا و ئاو، ترسی گەورە لە قەیرانی خۆراک و کارەساتی مرۆیی لە زستاندا دروست بووە، و حکوومەتی ئۆکراینا بە پەلە داوای 27 ملیار دۆلاری دیکە لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی بەرگرییەکەی.
هاوکات پووتین چاوی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی رۆژئاوایە، بەتایبەت سەرکەوتنی پارتی راستڕەوی "بەدیل بۆ ئەڵمانیا" و بەهێزبوونی مارین لۆپێن لە فەرەنسا، تا لە رێگەی لاوازبوونی یەکڕیزیی رۆژئاواوە مەرجەکانی خۆی بەسەر ئۆکراینادا بسەپێنێت.