قەیرانی بەنزین بەرۆکی کەرکووک و بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراقی گرتووە

قەیرانێکی توندی سووتەمەنی پارێزگاکانی کەرکووک، بەغدا و ناوەڕاست و خوارووی عێراقی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە لە بەردەم بەنزینخانەکاندا نۆرەی درێژ و قەرەباڵخییەکی زۆر دروست بووە.

ئەمڕۆ شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ماوەیەکە لەبەردەم بەنزینخانەکانی کەرکووک قەرەباڵخییەکی زۆر دروست بووە، شؤفێر ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تاوەکو بەنزین وەردەگرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، جگە لە کەمبوونەوەی بەنزینی نۆرماڵ، کاتێک دەچی بۆ وەرگرتنی بەشە بەنزین کە پێنج رۆژ جارێک 50 لیتر بە شۆفێران دەدرێت، لە زۆربەی ئەو بەنزینخانانەی پاڵپشتی حکوومیان هەیە، بەنزینیان نییە، ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی قەرەباڵخاکانە. هەروەها ماوەی هەفتەیەک بەنزینی موحەسەن نزیکەی هەفتەیەکە لە کەرکووک و زۆربەی شارەکانی دیکەی عێراق نەماوە.

راشیگەیاند، بەگوتەی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەو پاڵاوگانەی بەنزینی موحەسەن بۆ شؤفیران دابین دەکات بە هۆی کیشەی تەکنیکی بەنزین بەرهەم ناهێنن، بەڵام دەنگۆ هەیە ئەمڕۆ بەنزینەکە بگاتەوە شارەکانی عێراق.

دەشڵێت، شێوازی دابەشکردنی بەنزین لە کەرکووک بەکۆبۆنە، هەرکەسێک خەڵکی ئەو پارێزگایە بێت پێنج رۆژ جارێک 50 لیتر بەنزینی نۆرماڵی پێدەدرێت، هەروەها بەنزینی موحەسەنیش بە 850 دینار بە کۆبۆن دابەش دەکرێت، بەڵام بەبێ کۆبۆن لیتری بەنزینی موحەسەن لە نێوان 1500 تا 200 دینارە لە بەنزینخانە بازرگانییەکان. هەروەها دوێنێ گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، گرێبەستێکیان کردووە بۆ هاوردەکردنی بەنزین و لە چەند رۆژی داهاتوودا قەیرانەکە چارەسەر دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: نەبوونی بەنزینی موحەسەن و سوپەر وایکردووە نۆرەی درێژ و قەرەباڵخ لە بەنزینخانەکانی بەغدا دروست بێت، هەروەها بەشێک لە بەنزینخانەکان تاوەکو کاتژمێر 12:00 بەنزینی حکوومی دابەش دەکەن و دواتر بەنزینییان نا،مێنێت.

دەشڵێت: ماوەی هەفتەیەکە بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە بەنزینخانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی ناوەراست و خوارووی عێراق نەماوە، لەوبارەوە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، پێشووتر خواستی رۆژانەی هاووڵاتیان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق بۆ هەر سێ جۆری بەنزین، نزیکەی 33 ملیۆن لیتر بەنزین بووە، بەڵام ئێستا خواستەکە بەرزبووەتەوە بۆ 38 ملیۆن لیتر. ئەمەش گرفتێکی زۆری دروست کردووە.

یەکێک لەو شؤفێرانەی لە نۆرەی بەنزین وەستاوە بە کوردستان24ـی گوت "ئێمە لە عێراق دەژین، دەبێت هەر رۆژە و کێشەیەکت بۆ دروست بکەن، ئەمڕۆ بەنزین و دوێنێ گاز"، گوتیشی "لە وڵاتێکی نەوتی وەک عێراق، دەبێت بەم شێوەیە بژین؟".

ئەو شۆفێرە ئاماژەی بەوەش دا، نەک تەنیا بەغدا، بەڵکو هەموو پارێزگاکانی دیکەش تووشی قەیرانی بەنزین بوون، بەنزینی موحەسەن هەر نییە، ئێستا بەنزینی نۆرماڵ بووەتە نۆرە، رۆژێک دێت گازیش دەبێتە نۆرە، مادەم ئەوانەی ئێستا حکووممان دەکەن، هەمیشە لەو قەیرانە دەژین، چونکە حکوومەت شکستخواردووە، بەڵام قسەکردن سوودی نییە."

شؤفێرێکی دیکە باس لەوە دەکات: قەیرانی بەنزین لە پڕێکا دروست بووە، نازانم هەموو مانگێک قەیرانێکمان هەیە، ئێستا بەهۆی نۆرەی بەنزین دەبێت نۆرەی وەرگرتنی گاز بگرم، چونکە قەرەباڵخە و ناتوانم بچمە ناو وێستگە.