وەزارەتی کارەبا گیانلەدەستدانی فەرمانبەرێکی لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکەیدا راگەیاند

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەی و خزمەتکردن بە هاووڵاتییان، بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات "بەداخەوە فەرمانبەری کارەبای هەولێر (نیعمه‌ت هادی قادر) لە کاتی راپەراندنی ئەرکەکەی بەهۆی لێدانی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا."

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو فەرمانبەرە دەربڕیوە و رایگەیاندووە "بە ناوی خۆمان و وەزارەتی کارەباوە سەرخۆشی لە خێزان و هاوکارانی دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمی خانەوادەکەی دەزانین."