زیاتر لە ملیۆنێک لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو لە سۆران دابەش کراوە

لە ماوەی شەش رۆژدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 575 هەزار لیتر بەنزینی حکوومی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابەشکراوە.

ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە 1ـی ئەیلوول تا 6ـی هەمان مانگ، یەک ملیۆن و 575 هەزار و 240 لیتر بەنزین بەسەر 39 هەزار و 381 ئۆتۆمبێلدا دابەشکراوە.

شانەدەری روونیکردەوە، تەواوی ئەو بڕە بەنزینە بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومی و بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک، لە 32 بەنزینخانەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی 100 بەنزینخانە هەیە، کە رۆژانە لە چوار بەنزینخانەیان بەنزینی 750 دیناری دابەشدەکرێت. بەشێکی زۆری ئەو بەنزینخانانە دەکەونە سەر شەقامی گشتی و لە یەک کاتدا دەتوانن خزمەتگوزاری بۆ دوو بۆ چوار ئۆتۆمبێل دابین بکەن. ئەم دۆخە وایکردووە شۆفێران ماوەیەکی زۆر لە نۆرەدا بمێننەوە و جەنجاڵی لە شەقامەکان دروستببێت.