گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتیی خانووبەرە لە هەولێر دەکرێتەوە

سبەی سێشەممە، 08ـی ئەیلوولی 2026، گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتیی خانووبەرە بە بەشداری سەدان کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی لە شاری هەولێر دەکرێتەوە.

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ـی راگەیاند، زیاتر لە 250 کۆمپانیا لە 16 وڵاتی جیهانەوە بەشداری لە پێشانگاکەدا دەکەن؛ لەنێویاندا تورکیا، ئێران، ئیمارات، سعوودییە، ئەڵمانیا، چین، ئیتاڵیا، یۆنان، ئیسپانیا و چەندین وڵاتی دیکە هەن. پێشانگاکەش بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، ئامانجی پێشانگاکە نمایشکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونە. هاووڵاتییان دەتوانن راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان کۆببنەوە و یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوازی قۆناخدار یان بە پارەی کاش هەڵبژێرن. هەروەها ئەم پێشانگایە ژینگەیەک بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران دەڕەخسێنێت تاوەکوو گرێبەستی هاوبەش ببەستن و سەرمایەی بیانی رابکێشن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەی خستەڕوو، لە ساڵانی رابردوودا زۆرترین دەرفەتی کار بۆ گەنجان و شارەزایان لە پێشانگاکە راگەیەنراوە. هاووڵاتییان دەتوانن لە کاتی سەردانیکردنی پێشانگاکەدا، پوختەی ژیاننامەیان پێشکەش بە کۆمپانیاکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار.

 
پێشانگای نێودەوڵەتی خانووبەرە لە هەولێر یەکێکە لە رووداوە ئابوورییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵانە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەدەچێت. ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی باشە بۆ کۆکردنەوەی وەبەرهێنەران، کۆمپانیاکانی بیناسازی، ئەندازیاران و کڕیاران لە یەک شوێندا.

هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی خێرای لە کەرتی خانووبەرە و بیناسازیدا بەخۆیەوە بینیوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی زۆری کەرتی وەبەرهێنان دەکات و هەوڵ دەدات لەرێگەی یاساکانی وەبەرهێنانەوە ئاسانکاری بۆ سەرمایەدارانی بیانی و ناوخۆیی بکات. بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە پێشانگایانە دەبێتە هۆی بوژانەوەی بازاڕی کار و نمایشکردنی نوێترین تەکنەلۆژیای بیناسازی و دیزاینی سەردەمیانە لە ناوچەکەدا.

ساڵانە هەزاران کەس سەردانی پێشانگاکە دەکەن بۆ ئاشنابوون بە نوێترین پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتیاری. بەپێی ئامارەکان، زۆرینەی بەشداربووانی پێشانگاکە دەتوانن لە ماوەی چەند رۆژێکدا چەندین گرێبەستی گەورە واژۆ بکەن و سەدان یەکەی نیشتەجێبوون بفرۆشن.