هەولێر.. شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی فیلمی کوردستان بەڕێوەدەچێت
شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی فیلمی کوردستان، بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی گەنجان و بەبەشداری چەندین فیلمی جۆراوجۆر، لە ناوەندی گەنجان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، هەژار عومەر، سەرۆکی لێژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی فیلمی کوردستان تەنیا بۆ نمایشکردنی فیلمەکان نییە، بەڵکو وەک پلاتفۆرمێکی کۆکردنەوەی فیلمسازان، هونەرمەندان، بەرهەمهێنەران، ئەکتەران، نووسەران و چالاکانی بواری داهێنان کار دەکات، بۆ ئەوەی دەرفەتی ناسین، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و هاوبەشکردنی بیرۆکە و پڕۆژە نوێکانیان بۆ دروست بکات."
گوتیشی، "لە ماوەی پێنج رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، 19 فیلمی جۆراوجۆر نمایش دەکرێت و نمایشە فیزیکییەکانی فیلمە هەڵبژێردراوەکان، رێوڕەسمی فەرمیی رەوشەن، بەرنامە و پێشکەشکردنی تایبەت، کۆبوونەوە و ناسینە پیشەییەکان، هەروەها بەرنامە کولتوورییەکان بەڕێوەدەچن."
هەژار عومەر باس لە فیلمە هەڵبژێردراوەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "هەندێک لە فیلمە هەڵبژێردراوەکانی فێستیڤاڵەکە لە داهاتوودا لە رێگەی کۆمپانیای پێکچەرز ئێن ئەند ئێم ئینتەرتەینمێنت، لە ئەمریکا پێشکەش دەکرێن، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی فراوانکردنی بازنەی بینەر و دەرفەتی گەیشتنی بەرهەمە سینەماییەکان بە بازاڕی جیهانی."
هەژار عومەر جەختی لەوەش کردەوە، "بانگهێشتەکە تەنیا بۆ فیلمسازانی بەشداریکەر نییە، بەڵکو میوانانی تایبەتیش دەتوانن بەشداریی چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بکەن، تەنانەت ئەگەر هیچ پڕۆژەیەکیان لە بەرنامەی فێستیڤاڵدا نەبێت. هەروەها لە چوارچێوەی ئەم بانگهێشتەدا، داوا لە فیلمسازان، هونەرمەندان و چالاکانی بواری داهێنان کراوە ئەگەر کەسانێکی بە توانا لە نێوان هاوڕێ، هاوکار و تۆڕی پیشەیی خۆیان دەناسن، لەگەڵ خۆیان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بهێنن، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی فراوانتر لە نێوان کۆمەڵگەی هونەری و سینەمایی کوردستان و جیهان دروست بکرێت."
ئەوەشی گوت، "ئەم فێستیڤاڵە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ ناسینی کەسان و دامەزراوە جیهانییەکانی بواری سینەما و هونەر، و لە داهاتوودا رێگە بۆ پەخش و دابەشکردنی فیلمەکان، بازاڕکردنی پڕۆژە سینەماییەکان و گەیشتن بە پلاتفۆرمە جیهانییەکان بکاتەوە و هەروەها دەکرێت ئەم پەیوەندییە پیشەیی و نێودەوڵەتییە نوێیانە، بۆ فیلمسازان دەرفەتی بەشداریکردن لە پرۆسەی پێشبڕکێی خەڵاتی ئۆسکار و بەدەستهێنانی مەرجەکانی شایستەبوون بۆ ئەم خەڵاتە جیهانییە دروست بکات."
دەربارەی ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە، هەژار عومەر دەڵێت، "ئامانجمان لەم فێستیڤاڵە تەنیا پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی سینەمایی نییە، بەڵکو دروستکردنی ژینگەیەکی کراوەی هونەری و سینەماییە کە بتوانێت فیلمساز و هونەرمەندانی کوردستان بە تۆڕێکی فراوانی پیشەیی و جیهانی پەیوەست بکات."
خولی شەشەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی فیلمی کوردستان، بەبەشداری 19 فیلمی جۆراوجۆر، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەبچێت و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.