چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: گفتوگۆ له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای نه‌وت و گاز كرا

چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی خولیی خۆیدا چەند پرسێکی ستراتیژیی سیاسی و یاسایی تاوتوێ کرد، لەوانەش یەکلاکردنەوەی وەزیرە ماوەکانی ناو کابینەی حکوومەت و خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی خۆی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی ئەنجامدا. بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیەی سیاسی و یاساییان کردووە کە لە کارنامەی پەرلەماندا لە پێشینەی کارەکاندان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەشداربووان باسیان لە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی کردووە و جەختیان لە گرنگیی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی کردووەتەوە بۆ رێکخستنی کارەکانی ئەو دەستەیە لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هاوکات باس لە چەند یاسایەکی سەرەکیی دیکە کرا، لە پێشینەیاندا یاسای "نەوت و گاز"، یاسای دادگای فیدراڵی و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، بە ئامانجی تەواوکردنی بونیادی دەستووری و دامەزراوەیی دەوڵەت.

سەبارەت بە دۆسیەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، چوارچێوەی هەماهەنگی بەدواداچوونی بۆ گفتوگۆ بەردەوامەکان کرد و جەختی لە پێویستیی یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا "هەنگاو بنرێت بۆ ناوبردنی ئەو وەزیرانەی ماون، تاوەکو پێکهاتەی حکوومەت تەواو بێت و بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەباشی جێبەجێ بکات."

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە رێکخستنی کاروباری ناوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی کرا و جەخت لە داڕشتنی پەیڕەو و یاسایەک کرایەوە کە میکانیزمی کارکردن و شێوازی بڕیاردان رێکبخات، بە جۆرێک کە یەکدەنگیی لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە و کاری دامەزراوەیی بەهێزتر بکات.