لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ماستەرپلانی چەقی شاری هەولێر دادەنرێت

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی چەقی شاری هەولێر دادەنرێت و لەو چوارچێوەیەشدا یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە پڕۆژەکە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئامادەکردن و دانانی ماستەرپلانی پڕۆژەی چەقی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

وەزارەتی شارەوانیی ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشکی خستە سەر دیدگا و روانگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم لە گرنگیدان بە پڕۆژەی دانانی ماستەرپلان، بەتایبەتی چەقی شاری هەولێر و رایگەیاند "ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا بۆ هەولێر، بەڵکوو بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە هەولێر پایتەختە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیارانی ناوخۆ و پارێزگاکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە ڕووی تێدەکەن."

پڕۆژەی ماستەرپلانی چەقی شاری هەولێر یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت، بەپێی پلانەکە، بایەخێکی زۆر بە پاراستنی ناسنامە، کولتوور، کەلەپوور، خانوو و گەڕەکە دێرینەکانی چەقی هەولێر دەدرێت، هاوکات دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و ژیاندنەوەی شوێنە فەرامۆشکراوەکانی چەقی شارەکە.

لە پڕۆژەکەدا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە ڕەچاوی بوارەکانی جوانکاری، خزمەتگوزاری، ئابووری، ژینگەیی، کولتووری، شوێنەواری، هاتووچۆ و گواستنەوە، تەلارسازی و گەشتیاری دەکرێت.