دەزگا ئەمنییەکانی کفری لێکۆڵینەوە لە بەردبارانی شەوانە دەکەن
لە گەڕەکی ئازادیی کفری، ماوەی 20 رۆژە شەوانە بەردبارانی نادیار روو لە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەکات. ئەو دیاردەیە زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە و جامی چەندین ئۆتۆمبێل و خانووی شکاندووە.
دانیشتووانی گەڕەکەکە سکاڵایان لەو بارەیەوە تۆمار کردووە و دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. هێزە ئەمنییەکان کامێراکانی چاودێریی گەڕەکەکەیان کۆکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی سەرچاوەی بەردبارانەکە نەداوەتە هاووڵاتییان.
ئەو دۆخە نیگەرانی و ترسی لەنێو دانیشتووانی گەڕەکەکە دروست کردووە. لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە هۆکاری ئەو بەردبارانکردنە بوونەوەر یان دیاردەی نادیارە، کە لە زمان و کولتووری خەڵکی ناوچەکەدا بە "جن یان دێو" ناویان دەبەن.