مۆدی بۆ پزیشکیان: پێویستە ئازادیی کەشتیوانی و بازرگانی بپارێزرێت

نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، جەختی لە پێویستیی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی، بازرگانیی دەریایی و دەستەبەرکردنی سەلامەتیی دەریاوانان کردەوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرکردە لە نیودەلهی بەڕێوەچوو، کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی لووتکەی سەرکردەکانی گرووپی "بریکس"، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، مۆدی ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی رێڕەوە دەریاییەکان کرد بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و سەلامەتیی گیانی کارمەندانی کەشتیوانی.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی هیندستان جەختی لەسەر بایەخی بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

ئەم داواکارییەی سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە سەرۆککۆماری ئێران، هاوکاتە لەگەڵ گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و واشنتن بە تایبەت لە بارەی گەرووی گورمز و ئاستەنگەکانی بەردەم هاتوچۆی کەشتیوانی، هەروەها لە لایەکی دیکەوە دەست بەسەرداگرتنی گەرووی بابولمەندەب جارێکی دیکە لە لایەن حووسییەکان، رەوتی بازرگانی جیهانی بە تایبەت نەوتی خستووەتە مەترسییەوە.